وۆڵستریت جۆرناڵ: ئەمەریکا بەر لە هێرشەکان کاتی پێویستی بە ئێران دابوو
K24 - هەولێر
بەگوێری راپۆرتێکی رۆژنامەی وۆلستریت جۆرناڵی ئەمەریکی، بەر لە هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمەریکا بۆ سەر پێگە و جبەخانەکانی گرووپە میلیشیاکانی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران لە عێراق و سووریا، واشنتن کاتی پێویستی دابوو بە تاران بۆ ئەوەی بتوانێت شوێنی راوێژکارەکان و بەرپرسە سەربازییەکانی بگۆڕێت.
بە گوێرەی راپۆرتەکە، حکومەتی ئەمەریکا بەهۆی ئاگادرییەکانەوە هەفتەیەک بەر لە هێرشەکان کاتی پێوستی دابوو بە ئێران بۆ ئەوەی ئامانجەکانی لە مووشەکەکانی ئەمەریکا دووربخاتەوە.
ژمارەیەک لە بەرپرسان و سەرچاوە هەرێمییەکان کە قسەیان بۆ رۆژنامەکە کردووە، پێیانوایە هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمەریکا، کە بڕیاروایە بەردەوام بن، کاریگەرییەکی ئەوتۆیان نابێت لە سەر وەستاندنی هێرشی میلیشیاکان بۆ سەر هێزەکانی ئەمەریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
بە گوێرەی سەرچاوەکان، تەنیا راگەیاندنی ئاگربەست لە غەززە دەبێتە هۆی وەستاندنی هێرشەکان.
رۆژنامەکە نووسیویەتی ئێران پێشتر راگەیاندووە، نایەوێت راستەوخۆ لەگەڵ ئەمەریکا رووبەڕوو بێتەوە، یان بەشێک بێت لە لایەنەکانی قوڵترکردنەی قەیران و ئاڵۆزییەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بۆیە دوای هێرشە درۆنییەکەی گرووپە میلیشیاکان بۆ سەر بنکەی تاوەر 22 ی سەربازانی ئەمەریکی لە ئوردن، بەرپرسانی ئێران سەردانی عێراقیان کردووە و پێیانڕاگەیاندوون، کە "هێڵی سووریان" بەزاندووە.
بەرەبەیانی رۆژی شەممە (3ی شوباتی 2024) هێزی ئاسمانی ئەمەریکا لە عێراق و سووریا هێرشی سەر 85 بنکەو بارەگاکانی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران و گرووپە میلیشیاکان کرد و سێنتکۆم ئاماژەیداوە، لە زنجیرە هێرشەکاندا، ناوەندی فەرماندەیی، بنکەی هەواڵگری، شوێنی هەڵدانی مووشەک و هاوەن، کۆگای درۆنەکان و چەند پشتوانییەکی لۆجستنی گرووپە میلیشیاکانی سەر بە ئێران کراوەتە ئامانج.
هێرشەکانی سوپای ئەمەریکا بۆ سەر گرووپە میلیشیاکان لە وەڵامی هێرشەکەی (28ی کانوونی دووەمی 2024) کە بە درۆن بنکەی تاەور 22ی سەربازانی ئەمەریکایان لە خاکی ئوردن لە سێگۆشەی سنووری عێراق - ئوردن – سووریا کردە ئامانج و بەهۆیەوە سێ سەربازی ئەمەریکا کوژران و زیاتر لە 40 سەربازی دیکەش برینداربوون.