دادگای فیدراڵی بڕیاردانی لەبارەی یاسای هەڵبژاردنی کوردستان دواخست
K24 - هەولێر
بڕیاری دادگەی فیدراڵی لەبارەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بۆ رۆژی 11-02-2024 دواخرا.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 04-02-2024، دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق بۆ بڕیاردان لەبارەی سکاڵایەک کە لە دژی ژمارەیەک ماددەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکراوە، کۆبووەوە. لە دانیشتنەکەی ئەمڕۆیدا، دادگای فیدراڵی سکاڵاکەی یەکلایینەکردەوە و بڕیاردانی لەبارەی یاساکە بۆ رۆژی 11-02-2024 دواخست.
ئەمە نۆیەمین جارە دادگای فیدراڵی بڕیاردان لەبارەی یاسای هەڵبژاردنی کوردستان دوابخات. رۆژی 21-01-2024، دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بۆ جاری هەشتەم بڕیاردانی لەبارەی سکاڵاکەی بۆ ئەمڕۆ یەکشەممە، 04-02-2024 دواخستبوو، بەڵام ئەمڕۆش جارێکی دیکە دواخرا.
پێشتر نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە مەرسوومێکدا رۆژی 25ـی شوباتی 2024ـی بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستانی دەستنیشان کردبوو؛ بەڵام دواتر سکاڵایەکی دژی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، ئامادەکارییەکانی کۆمیسیۆنی بۆ هەڵبژاردنەکە راگرت.
سکاڵاکە لە دژی پێنج ماددەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکراوە کە تایبەتن بە ژمارەى کورسییەکانی پەرلەمان، یەک بازنەیی و فرە بازنەیی هەڵبژاردن و ژمارەی کورسی کۆتاکان لە پەرلەمانى کوردستان و، لەلایەن زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان و ئامانج نەجیب شەمعوون، ئەندامى کریستیانەکان لە ئەنجوومەنى پارێزگاى سلێمانى تۆمارکراون.
ئەو ماددانەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کە سکاڵایان لەسەر تۆمارکراوە:
ماددەی یەکەم (1): پەرلەمانی کوردستان – عێراق لە (111) سەد و یازدە ئەندام پێکدێت.
ماددەی نۆیەم (9): هەرێمی کوردستان – عێراق بە یەک ناوچەی دەنگدان دادەندرێت و، بەسەر چەند مەرکەزێکی دەنگداندا دابەش دەکریت.
ماددەی پازدەم (15): بۆ هەرێمی کوردستان، خشتە بەناوی دەنگدەران بۆ دەنگدان، بەپێی مەرکەزەکانی هەڵبژاردن ئامادە دەکرێن و بە ریزبەندی پیتە ئەبجەدییەکان رێکدەخرێن کە پیشە و ناونیشانیان و بەروار و جێگەی لەدایکبوونیان تێدا تۆمارکراوە. ئەگەر لە توانادا نەبوو ئەوە بکرێت، ئەو کاتە دەستەی باڵا بۆی هەیە رێگەیەکی دیکەی لەبارتر بۆ وەدی هێنانی مەبەستی پێویست دیاریبکات.
ماددەی بیست و دووەم (22):
1. هەر کیانێکی سیاسی لە هەرێمی کوردستان – عێراقدا بۆی هەیە لیستێکی تایبەت بە ناوی پالێوراوەکانی خۆی لەسەر ئاستی کوردستان – عێراق بکات کە رێژەیەکی ئافرەتی تێیدا بێت لە سەدا 30 کەمتر نەبێت و، ناوی پالێوڕاوەکانیش بە شێوەیەک ریزبەند کرابن کە نواندنی رێژەی ناوبراوی ئافرەتان لە پەرلەماندا گەرەنتی بکات. بە مەرجێک ژمارەی پاڵێوراوەکان لە هەر لیستێکی هەڵبژاردندا لە سێ پالێوڕاو کەمتر نەبن.
2. لیستی پاڵێوراوەکان لە ماوەی (15) رۆژدا لە رێککەوتی راگەیاندنی وادەی هەڵبژاردن پێشکەش بە سەرۆکی دەستەی باڵا دەکرێت و هەموو بەڵگەنامەیەکی پێوە دەلکێندرێت کە لە ماددەی 21ـدا داواکراون.
ماددەی سی و شەشەم (36):
1. پێنج کورسی بۆ کلدان، سریان و ئاشووری تەرخاندەکرێت. پاڵێوراوانی ئەو پێکهاتەیە کێبڕکێیان لەسەر دەکەن.
2. پێنج کورسی بۆ تورکمان تەرخاندەکرێن و، پاڵێوراوانی ئەو پێکهاتەیە کێبڕکێیان لەسەر دەکەن.
3. یەک کورسی بۆ ئەرمەن تەرخاندەکرێت و، كاندیدهكانى ئەو پێکهاتەیە کێبڕکێی لەسەر دەکەن.