وەزیری ئاسایشی نەتەوەیی ئیسرائیل: ئەمەریکا هاوکاری حەماس دەکات
K24 - هەولێر
وەزیری ئاسایشی نەتەوەیی ئیسرائیل، سەرۆکی ئەمەریکا بە هاوکاریکردنی حەماس تۆمەتبار دەکات. دەشڵێت، "چۆڵکردنی کەرتی غەززە باشترین چارەسەری مرۆییە بۆ فەلەستینییەکان بۆ ئەوەی پارێزراوبن".
ئیتمار بن گڤییر، وەزیری ئاسایشی نەتەوەیی ئیسرائیل، لە میانەی چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆڕناڵی ئەمەریکی رایگەیاند، کۆچکردن و چۆڵکردنی کەرتی غەززە باشترین چارەسەری مرۆییە بۆ فەلەستینییەکان بۆ ئەوەی پارێزراوبن.
وەزیری ئاسایشی نەتەوەیی ئیسرائیل لە درێژەی قسەکانیشیدا پەنجەی تۆمەتی بۆ جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا راکێشا و گوتی، "بایدن هاوکاری چەکدارانی حەماس دەکات لە ناو غەززەدا".
وەکو ئەوەی وەزیری ئاسایشی نەتەوەیی ئیسرائیل باسی کرد، "ئەمریکا لە بری ئەوەی پشتیوانی تەواوەتی ئێمە بکات، کەچی سەرقاڵی دابینکردنی یارمەتی مرۆیی و سووتەمەنییە بۆ غەززە، لەکاتێکدا زۆربەی ئەو هاوکارییانە بۆ نێو دەستی حەماس دەچێت".
رۆژی شەممە، 7ـی ئۆکتۆبەری 2023، بزووتنەوەی حەماس لە چەند قۆڵێکەوە هێرشی کردە ناوخاکی ئیسرائیل، بەگوێرەی راگەیەندراوی حکومەتی ئیسرائیل، لەو هێرشەدا زیاتر لە هەزار و 200 کەس کوژران و زیاتر لە 240 هاووڵاتیی ئیسرائیلیش بە بارمتە گیراون. دوای ئاگربەستێکی کاتیی و یەک هەفتەیی، کە ئاگربەستی مرۆیی ناونرا لەبەرامبەر ئازادکردنی زیاتر لە 100 بارمتە، سوپای ئیسرائیل رێگەی بە گەیاندنی بەشێک لە هاووکاریی مرۆیی بۆ کەرتی غەززەدا.
دوای زیاتر لە 125 رۆژ لە شەڕ و وێرانکاری و دەربەدەربوونی زیاتر لە ملیۆنێک کەس، جارێکی دیکە ئاسۆی ئاگربەست لەغەززە دەرکەوت، بەڵام ئەمجارە لە پاریسەوە.
کۆبوونەوەی چوار قۆڵی، ئەمەریکا، ئیسرائیل، میسر و دەسەڵاتدارێتی فەڵەستین لە پاریس جارێکی دیکە پرسی ئاگربەستی لە غەززە کردەوە بە باسی گەرمی رۆژ. لەوبارەیەوە میدیا رۆژئاواییەکان چەند زانیارییەکییان دەربارەی ناوەڕۆکی ئاگربەستەکە بڵاوکردووەتەوە کە ئایا چۆن دەبێت و چەندێک درێژە دەکێشێت.
بەپێی زانیارییەکان، ئاگربەستەکە بەشێوەی رێژەیی دەبێت، واتە داواکارییەکانی حەماس بۆ دەرچوونی تەواوەتی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە جێبەجێ ناکرێت. یەکێکی دیکە لە خاڵەکانی ئەو ئاگربەستەی پێشنیازکراوە، ئازادکردنی هەر بارمتەیەکی ئیسرائیلی بندەستی حەماس بەرامبەر ئازادکردنی 100 فەڵەستینی لە زیندانەکانی ئیسرائیل، کە رێژەیە ئەگەری هەیە بەرزببێتەوە بۆ یەک ئیسرائیلی بەرامبەر 250 فەڵەستینیی، سەبارەت بەوەی ئایا کام بارمتانە ئیسرائیلییانە ئازادەکرێن میدیاکان باسیان لەوکردووە، سەرەتا ژن و منداڵان و ئەو کەسانەی دۆخی تەندروسییان باش نییە ئازاد دەکرێن.