ئاكام هاشم باسی مۆندیالی 2026 دەكات

ئاكام هاشم بەرگریكاری یانەی هەولێر لە رێگەی كوردستان24ـەوە رایگەیاند ئۆفەرێكی فەرمی لە خولی ئێرانییەوە پێگەیشتووە، دەشڵێت: یانەكانی شورتە، قوە جەوییە و كارەباش پەیوەندیان پێوەكردووم، بەڵام من لەگەڵ هەولێر دەمێنمەوە.
ئاكام هاشم دوای جامی نەتەوەكانی ئاسیا لەگەڵ هەڵبژاردەی عێراق ئەمڕۆ گەڕایەوە راهێنانەكانی یانەی هەولێر، لە یەكەمین لێدوانیدا بۆ كوردستان24 رایگەیاند لەگەڵ یانەی هەولێر بەردەوام دەبێت.
ئاكام هاشم هێمای بۆ ئەوەش كردووە كە یانەیەكی گەورەی تارانی پایتەختی ئێران ئۆفەرییان پێشكەش كردووە، دەشڵێت: شوڕتە، جەوییە و كارەباش ئارەزووی گواستنەوەیان بۆ دەربڕیوم، بەڵام لە هەولێر دەمێنمەوە و بەڵێنیش بە هاندەرانمان دەدەین بۆ قۆناغی دووەم ئامادەكارییەكی باش بكەین و ئەنجامەكانمان باشتر بكەین.
ئاكام هاشم لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا بۆ كوردستان24 رایگەیاند سەرەڕای ئەوەی نەیتوانی بەشداریی هیچ یارییەكی جامی ئاسیا بكات، بەڵام هەست بە شانازی دەكات كە لە لایەن خیسۆس كاساس متمانەی پێبەخشراوە، دەشڵێت: هەوڵدەدەم سەرلەنوێ بۆ پاڵاوتنەكانی مۆندیال بانگهێشت بكرێم كە بڕیارە عێراق لە رۆژی 21ـی مانگی داهاتوو رووبەڕووی فلیپین بێتەوە.
ئاكام هاشم بەهۆی بانگهێشتكردنی بۆ هەڵبژاردەی عێراق ئێستا یانە جەماوەرییەكانی بەغدا تەنیا بۆ قۆناغی دووەمی خولی ئەستێرەكانی عێراق 200 ملیۆن دیناری پێبدەن، ئەمەش لە كاتێكدایە گرێبەستی ئاكام هاشم لەگەڵ یانەی هەولێر كەمتر لە 100 ملیۆن دینارە.
ئاكام هاشم لە لاوانی یانەی پێشمەرگەی هەولێر دەستی بە یاریكردن كردووە، دوو نازناوی خولی نایابی كوردستانیشی لەگەڵ تیپی یەكەمی یانەی پێشمەرگەی هەولێر بەدەستهێناوە، ماوەی 3 ساڵیشە لەگەڵ یانەی هەولێر یاریی دەكات.
