جۆن کێربی: هێرشەکانی سەر عێراق و سووریا تەنیا دەستپێکن و وەڵامی زیاترمان دەبێت

جۆن کێربی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا
جۆن کێربی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا

K24 – هەولێر:

گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا، رایگەیاند، هێرشەکانمان بۆ سەر میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە عێراق و سووریا تەنیا بۆ بەرگریکردن لەخۆمان بووە لەو ناوچانەدا.

ئەمڕۆ یەکشەممە (4ـی شوباتی 2024) جۆن کێربی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەدا، هێرشەکانی سەر عێراق و سووریا تەنیا دەستپێکن و وەڵامی زیاترمان دەبێت.

گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا، دەڵێت: هێرشەکانمان بۆ سەر میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە عێراق و سووریا تەنیا بۆ بەرگریکردن لەخۆمان بووە لەو ناوچانەدا.

کێربی گوتیشی: ئەمەریکا دەیەوێت حکومەتی عێراق لە بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەی گرووپە چەکدارەکان یارمەتیدەربێت. هاوکات ئاشکراشی دەکات، هێرشی گرووپە چەکدارەکان بەراورد بە هێرشی ئەمریکا زیاتر سەروەری عێراقی پێشێلکردووە.

هەر ئەمڕۆ جەیك سولیڤان، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەدا، وەڵامی هێرش و هەڕەشەکان دەدەنەوە، هەروەها بۆردومانکردنی گرووپە چەکدارەکان هەڵمەتێکی سەربازی کراوە نییە.

راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا، دەڵێت: هیچ ئاماژەیەك نییە ئێران سیاسەتی خۆی بەرامبەر گرووپە چەکدارەکان گۆڕیبێت. جەیك سولیڤان، گوتیشی: شەڕێکی فراوانمان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناوێت.

بەرەبەیانی رۆژی شەممە، له ‌كاردانه‌وه‌ی كوشتنی سێ سه‌ربازه‌كه‌ی ئه‌مەریكا له‌ بنكه‌ی "تی-22"ـی سنووری ئوردن، ئه‌مەریكا هێرشه‌كانی بۆ سه‌ر بنكه‌ و باره‌گاكانی گرووپ و میلیشیاكان‌ له‌ عێراق و سووریا ده‌ستیپێكرد، تێیدا 85 پێگەی سوپای پاسداران و میلیشیاکان و چەندین کۆگای درۆن و مووشەکیش لەو دوو وڵاته‌ وێرانكران و به‌هۆیه‌وه‌ پتر له‌ 40 چه‌كداری میلیشیاكان و هاووڵاتییان كوژران.

ئه‌و بنكه‌ سه‌ربازییانەی ئه‌مه‌ریكا كه‌ هێرشیكراوه‌ته‌سه‌ر، ده‌كه‌وێته‌ سێگۆشه‌ی سنووری نێوان عێراق، سووریا و ئوردن و لە شەڕی داعش رۆلێکی بەرچاویان هەبوو لە تێکشکاندنی چەکدارەکانی ئەو گرووپە و ئازادکردنی ناوچەکانی عێراق و سووریا کە لەلایەن داعشەوە داگیرکرابوون