هاکان فیدان: ئەمەریکا و ئێران یاری بە ئاگر دەکەن
K24 – هەولێر:
وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، دۆخی ناوچەکە لەژێر کۆنترۆڵدایە و ئێران و ئەمەریکا نایانەوێت ململانێکانی نێوانیان فراوانتر بێت و مەترسی خۆشی نەشاردەوە لە تەشەنەکردنی رووداوەکان و گوتی هەردوولا یاری بە ئاگر دەکەن.
رۆژی یەکشەممە (4ـی شوباتی 2024) هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە یەکێک لە کەناڵە تەلەفزیۆنییەکانی وڵاتەکەی رایگەیاند، کاتێک هێرش دەکرێتە سەر ئامانجەکانی یەکتر، ئەوا یاریکردنە بە ئاگر و ئەگەر کۆنترۆڵ نەکرێت لە هەر کاتێکدا دەکرێت یارییەکە بۆ ئاگر بگۆڕدرێت.
فیدان جەختیکردەوە لەگەڵ ئەمەریکا و هاوبەشە ناوچەییەکانیان بەردەوام لە پەیوەندیدان و نایانەوێت ئەو گرژی و ئاڵۆزییانە زیاتر پەرەبسێنێت و گوتیشی، دۆخی ئێستا باش نییە و لە هەر ئەگەرێکدا مەترسی فراوانبوونی هەیە.
بەرەبەیانی رۆژی شەممە (3ـی شوباتی 2024) فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، هێزەکانیان لە عێراق و سووریا هێرشی ئاسمانییان دژی سوپای پاسداران، سوپای قودس و گرووپە پاشکۆکانیان ئەنجامدا و زیاتر لە 85 ئامانجیان پێکاوە و بەرپرسانی ئەمەریکاش ئاماژەیان بەوەکردووە، له كاردانهوهی كوشتنی سێ سهربازهكهی ئهمەریكا له بنكهی "تی-22"ـی سنووری ئوردن، ئهمەریكا پێگەی سوپای پاسداران و گرووپە چەکدارەکان و چەندین کۆگای درۆن و مووشەکی لەو دوو وڵاته وێرانكردووە.