وەزارەتی پێشمەرگە و هاوپەیمانان تاتوتوێی کاروباری فیرقەکانیان کرد

کۆبوونەوەی وەزارەتی پێشمەرگە و هاوپەیمانان
کۆبوونەوەی وەزارەتی پێشمەرگە و هاوپەیمانان

K24 – هەولێر:

وەزارەتی پێشمەرگە و هاوپەیمانان  لەمیانەی کۆبوونەوەی نێوانیان، بەدواداچوونیان بۆ کاروبارەکانی فیرقەکان لە رووی دارایی و دیاریکردنی سنووری ئەرک و بەرپرسیاریەتییان کرد.

ئەمڕۆ یەکشەممە (4ـی شوباتی 2024) وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە، تێیدا هاتووە، لە دیوانی وەزارەت، بە سەرپەرشتی فەریق روکن عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکانی وەزارەت و بە ئامادەبوونی فەریق سیهاد بارزانی، فەرماندەی هێزەکانی پشتیوانی و کۆڵۆنێڵ مەکێنزی، فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانان و شاندێکی راوێژکارانی سەربازی هاوپەیمانان لە هەرێم، کۆبوونەوەی دەوری تایبەت لە بارەی فیرقەکان بەڕێوەچوو.

لە راگەیەندراوەکەدا هەروەها هاتووە، لە کۆبوونەوەکەدا، بەدواداچوون بۆ کاروبارەکانی فیرقەکان لە رووی دارایی و دیاریکردنی سنووری ئەرک و بەرپرسیاریەتیان کرا، هاوکات گفتوگۆ لەسەر پشتگیریکردن لە سەرجەم یەکە سەربازییەکان و هەماهەنگیکردن لە نێوان فیرقەکان و خێراکردن لە پڕکردنەوەی میلاکی بەش و هۆبە و یەکە مەیدانییەکانی فیرقەکان  کە داندراون کرا.

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، لەتەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا جەخت کرایەوە لە سەر راهێنانی تایبەتی (CPX) کە بریاروایە لە ئایندەیەکی نزیکدا لەسەر ئاستی فیرقەکان دەست بەو مەشق و راهێنان بکرێت، هاوکات کۆبوونەوە بە سەرنج وبیروڕا گۆرینەوە لەسەر باشترکردنی کاروبارەکانی فیرقەی یەک و دووی پیادە و دۆزینەوەی میکانیزمێکی گونجاو لە پێناو پێشختنی کارەکانیان و گرنگی دان بە بواری مەشق و ڕاهێنان بە کۆتا هات.