وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا: نیگەرانین لەو هێرشەی کرایە سەر هەولێر کە منداڵێکی هۆڵەندی تێیدا گیانیلەدەستدا
K24- هەولێر
وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا رایگەیاند، نیگەرانین لەو هێرشەی ئێران بۆ سەر هەولێر کە تێیدا منداڵێکی هۆڵەندی تێیدا گیانیلەدەستداوە، ئەوەش هۆکارێکە کە ئەمڕۆ ئێمە لێرەین.
ئەمڕۆ سێشەممە، 6ـی شوباتی 2024، لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا، هانکێ سڵۆت، وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا گەیشتە بەغدا و، لەلایەن فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوە و جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق پێشوازی لێ کرا، دواتر هانکێ سڵۆت، وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، گفتوگۆیەکی بەرهەمدارمان هەبوو. بۆ ئێمە زۆر گرنگە کە گفتوگۆ هەبێت لەنێوان هەردوو وڵاتدا.
بەگوتەی ئەو وەزیرە: "لە هۆڵەندا نزیکەی 60 هەزار هاووڵاتی عێراقی هەن. ئەمەش وایکردووە پەیوەندی ئابووری، سیاسی، کۆمەڵاتی لە نێوان هەردوولادا هەبێت".
وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا گوتیشی: "هۆڵەندا هیوای وایە ئەم پەیوەندییانە لەگەڵ عێراق بەهێزتر بکات. ئەوەش یەکێکە لە هۆکارەکان کە ئەمڕۆ ئێمە لێرەین. هیواداریشین محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، سەردانی هۆڵەندا بکات و لە هۆڵەندا ئێمە چاوەڕێی دەکەین و لای خۆمانە گرنگی زۆر دەدەین بە پەیوەندیی نێوان هەردوو وڵات کە زۆر بەهێز بێت و ئاسایش و سەقامگیری باش بۆ عێراق بەر قەرار بێت، کە ئەمە بۆ هەردوو وڵات و بەتایبەت بۆ عێراقیش گرنگە. هەروەها بە بەردەوامی پشتیوانی ئارامی و سەقامگیری دەکەین لە عێراق، وەک ئەندامێکی ناتۆ کارمان دەوێت بۆ ئەوەی پشتیوانی ئاسایشی ناوچەکە بکەین".
هانکی سڵۆت راشیگەیاند: "باسمان لەو هێرشانەش کرد کە کراوەتە سەر هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا. هەروەها هێرشی ئێران بۆ سەر هەولێر کە تێیدا چەند قوربانییەکی لێکەوتەوە کە تێیدا منداڵێکی هۆڵەندی تێیدا گیانیلەدەستداوە."