شاندێکی یەكێتی لە قوم لەگەڵ مەرجەعە شیعەكان كۆبووەتەوە
ئێران دژی دابهشكردنی عێراقه
K24 - ههولێر:
سەرۆكی پەرلەمانی ئێران دەڵێ ئەوان دژی ئەو سیناریۆیانە دەوەستنەوە كە بۆ پارچەكردنی عێراق دانراون، لاریجانی بە شاندێکی یەكێتی نیشتمانی كوردستانیشی گوت كە دەبێ تەنیا عێراقییەكان لە گرتنەوەی مووسڵدا بەشدار بن. ھاوكات كوردستان 24 زانیویەتی كە شاندی یەكێتی بە سەرۆكایەتی بەرھەم ساڵح لە قوم لەگەڵ گەورە مەرجەعە شیعەكان كۆبووەتەوە.
ئەوە ھۆتێل پارسیانی تاران شوێنی حەوانەوەی وەفدی یەكێتی نیشتمانی كوردستانە،و وەفدەكە بە سەرپرشتی بەرھەم ئەحمەد ساڵح دوای ئەوەی لەگەڵ سكرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی ئێران و جێگری سەرۆككۆماری ئێران كۆبوونەوە، رۆژی سێشەممە لەگەڵ محەمەد شاھرودی گەورە مەرجەعی شیعەیش كۆبوونەتەوە،و كوردستان 24 زانیویەتی كە وەفدەكە لەقۆم لەگەڵ نوێنەری عەلی سیستانی گەورە مەرجەعی شیعەش كۆدەبێتەوە.
وەفدەكەی یەكێتی لەگەڵ عەلی لاریجانی سەرۆكی پەرلەمانی ئێران كۆبوونەتەوەو، ماڵپەری فەرمی پەرلەمانی ئێران بڵاویكردۆتەوە كە لاریجانی بە وەفدەكەی یەكێتی گوتووە كە ئەوان دژی سیناریۆكان بۆ دابەشبوونی عێراق دەوەستنەوە،و ھاوكات گوتوشیەتی كە ھەموو عێراقییەكان دەبێ لەگرتنەوەی موسڵدا بەشداربن،و لاریجانی بەبەرھەم ساڵحی گوتووە كە لەسەر بنەمای دەستووری عێراق رێز لە پێكھاتەكانی ئەو وڵاتە دەگرن.
بەرھەم ساڵحیش كەپێشتر یەكێك لەكاندیدە سەرەكییەكان بۆ سەرۆككۆماری عێراق بوو، بەسەرۆكی پەرلەمانی ئێرانی گوتووە كە یەكگرتوویی ئاسایش و سەقامگیریی دروستدەكات،و ھاوكات ھەوڵەكانی ئێرانیشی بۆ پاراستنی یەكپارچەیی عێراقی بەگرنگ داناوە،و داواشی لەئێران كردووە كە یارمەتییەكانیان بۆ شەڕی دژی داعش بەردەوام بن.
بەپێی زانیارییەكانی كوردستان 24 بەرھەم ئەحمەد ساڵح وەكوو كەسێك كە لەدوا وێستگەدا نەیتوانی باڵی دەسترۆیشتووی یەكێتی رازی بكات، بۆ سەرۆككۆماری پشتیوانی لێبكەن، لە قوم وەكوو ناوەندی مەرجەعەی شیعە باس لەقەیرانی سیاسی عێراق دەكات،و رەنگە چاوی لەسووكە ئاورێكی ئەوان بۆ دارشتنەوەی ھەیكەلی سێ سەرۆكایەتییەكەی داھاتووی عێراقیش بێت.