هەڵبژاردنی جێگری پارێزگاری نەینەوا بۆ رۆژی پێنجشەممە دواخرا

K24 - هەولێر

رۆژی دووشەممە (5ـی شوباتی 2024) ئەنجوومەنی هەڵبژێردراوی پارێزگای نەینەوا یەکەم کۆبوونەوەی خۆی ئەنجامدا و بەکۆی دەنگ هەر یەکە لە عەبدولقادر دەخیل بە پارێزگاری نەینەوا و ئەحمەد حاسوود بە سەرۆکی ئەنجوومەنەکە و محەمەد جبووری بە جێگری سەرۆکی ئەنجومەن هەڵبژێردران

بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24 درمان باعەدری: دوێنێ یەکەمین کۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا لە کاتژمێر چواری ئێوارە دەستیپێکرد تاوەکو هەشتی شەو بەردەوام بوو، گوتیشی: بەکۆی دەنگ هەر یەکە لە عەبدولقادر دەخیل بە پارێزگاری نەینەوا و ئەحمەد حاسوود بە سەرۆکی ئەنجوومەنەکە و محەمەد جبووری بە جێگری سەرۆکی ئەنجومەن هەڵبژێردران.

ئاماژەی بەوەشکرد، بۆ هەڵبژاردنی جێگری پارێزگاری نەینەوا داواکرا بەشێوەیەکی نهێنی هەڵبژاردن بکرێت، بەڵام هەندێک لە لایەنەکان رازی نەبوون و نەگەیشتنە رێککەوتن، بۆیە کۆبوونەوەی هەڵبژاردنی جێگری پارێزگار بۆ رۆژی پێنجشەممە کاتژمێر 1ـی دوای نیوەڕۆ دواخرا.

رۆژی (28ـی كانوونی یه‌كه‌می 2023) كۆمیسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق ئه‌نجامی كۆتایی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای نەینەوای راگه‌یاند‌ كه‌ كۆی گشتی ده‌نگه‌كان بریتی بووه‌ له‌ 906 هه‌زار و 294 ده‌نگ و به‌سه‌ر 29 كورسیدا دابه‌ش ده‌كرێت و 19 كورسی بۆ پیاوان و حه‌وت كورسی بۆ ئافره‌تان و سێ كورسیش بۆ كۆتای پێكهاته‌كان ده‌بێت.

بەگوێرەی ئامارەکانی كۆمیسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق، لیستی نه‌ینه‌وا بۆ خه‌ڵكه‌كه‌ی پێنج کورسی. لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان چوار كورسی، هاوپه‌یمانی گرێبه‌ستی نیشتمانی سێ كورسی، هەریەکە لە هاوپەیمانی سیاده‌، هاوپه‌یمانی ته‌قه‌دومی نیشتمانی، حه‌سمی نیشتمانی، هاوپه‌یمانی حه‌دبای نیشتمانی، هه‌ویه‌ی نیشتمانی، ئیتیحادی ئه‌هلی نه‌ینه‌وا دوو كورسییان بەدەستهێنا. هەروەها هاوپه‌یمانی عه‌زم و حزبی نیشتمانی بۆ نوێبوونه‌وه‌ هەر یەکەیان یه‌ك كورسییان بەدەستهێنا.