لە کۆی 15 پارێزگاکەی عێراق 11 پارێزگا پۆستەکانیان یەکلایی کردووەتەوە
K24 - هەولێر
کاتێک کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی پارێزگاکانی پەسەندکرد، لایەنە سیاسییەکان لەناو حکومەتە خۆجێییەکان تەنها 15 رۆژیان لەبەردەستبوو تاوەکو حکومەتی خۆجێی پێکبهێنن. بۆیە دوێنێ دووشەممە، 5ـی شوباتی 2024 دوا دەرفەت بوو بۆ یەکلاییکردنەوەی ئەو پرسە.
پەیامنێری کوردستان24 شڤان جەباری لە بەغدا رایگەیاند، لەسەر ئاستی 15 پارێزگاکەی عێراق، 11 پارێزگا پۆستەکانیان یەکلایی کردووەتەوە، کە تەواوی پۆستەکانیش بەرێککەوتنی سیاسی کراوە، کە پۆستی پارێزگاری سەلاحەددین هاوپەیمانی عەزم وەریگرتووە، پۆستی پارێزگاری بابل کوتلەی عەسایب وەریان گرتووە، هەروەها پۆستی پارێزگاری نەجەف رەوتی حیکمە وەریگرتووە، بەغدا دەوڵەتی قانوون وەری گرتووە، پۆستی پارێزگاری ئەنباریش تەقەدوم وەری گرتووە، بەسرەش هاوپەیمانی تەسمیم وەری گرتووە، هاوپەیمانی واست پۆستی پارێزگاری واستیان وەرگرتووە، هاوپەیمانی ئیبداعیش پۆستی پارێزگاری کەربەلای وەرگرت، هەروەها پۆستی پارێزگاری نەینەوا لەلایەن رەیان کلدانی و کۆمەڵێک هاوپەیمانێتی یکلایی کراوەتەوە، پارێزگاری موسەنا و زیقاریش لەلایەن رەوتی حیکمە و فەزیلە وەرگیراوە.
جێگای باسە تاوەکو ئێستا پۆستی پارێزگاری کەرکووک و دیالە و دیوانییە و میسان بەهۆی ناکۆکی لایەنە سیاسییەکان، یەکلایی نەبووەتەوە.