سوودانی: رێگەنادەین خاکی عێراق بکرێتە سەرچاوەی هەڕەشەکردن لەسەر توركیا

محەممەد شیاع سوودانی و یەشار گولەر، وەزیری بەرگری تورکیا
محەممەد شیاع سوودانی و یەشار گولەر، وەزیری بەرگری تورکیا

K24 – هەولێر:

سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت: رێگەنادەین خاکی عێراق بکرێتە سەرچاوەی هەڕەشەکردن لەسەر توركیا و وڵاتانی دراوسێ و لەو چوارچێوەشدا عێراق رێوشوێنی زۆری بۆ پاراستنی سنوورەكانی لەگەڵ توركیا گرتووەتەبەر.

ئەمڕۆ سێشەممە (6ـی شوباتی 2024) نووسینگەی سەرۆكوەزیرانی عێراق، لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، محەممەد شیاع سوودانی، لە بەغدا لەمیانی دیدارێكیدا لەگەڵ یەشار گولەر، وەزیری بەرگری و سوپاسالاری تورکیا رایگەیاند، پێویستە چارەسەرکردنی کێشەکانی پەیوەست بە سنوور و دۆسییەی ئەمنی نێوان هەردوو وڵات لەڕێگەی هاریکاری‌ و هەماهەنگی هاوبەش بێت.

سوودانی، دووپاتیشیكردەوە، رێگەنادەن خاکی عێراق بکرێتە سەرچاوەی هەڕەشەکردن لەسەر توركیا و وڵاتانی دراوسێ و لەوچوارچێوەشدا عێراق رێوشوێنی زۆری بۆ پاراستنی سنوورەكانی لەگەڵ توركیا گرتووەتەبەر.

ھاوكات لای خۆیەوە وەزیری بەرگری تورکیا، خواستی وڵاتەکەی بۆ پاراستنی پەیوەندییە هاوبەشەکان و پاراستنی سنوورەكان و گرتنەبەری رێكاری ئەمنی لە بواری هەواڵگری و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر نیشاندا.

ئەمڕۆ سێشەممە (6ـی شوباتی 2024) ئاژانسی فەرمیی تورکیا رایگەیاند، یەشار گولەر، وەزیری بەرگری و تورکیا؛ مەتین گوراک، سەرۆک ئەرکانی سوپا و شاندی یاوەریان بە سەردانێکی فەرمی گەیشتنە بەغدا.

ماڵپەڕی فەرمی وەزارەتی بەرگری تورکیا لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (تویتەری پێشوو) رایگەیاند، سەردانەکە بە مەبەستی کۆبوونەوە و گفتوگۆکردنە لەبارەی پەیوەندییەکانی هەردوولا و ئەو بابەتانەی کە هەردوولا هەماهەنگییان لەسەر هەیە.

سەردانەکەی گولەر لەکاتێکدایە، رۆژی 23ـی مانگی رابردوو، ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی دەزگای هەواڵگری تورکیا بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە بەغدا و لەگەڵ سەرۆک کۆمار و سەرۆکوەزیران و بەرپرسە باڵاکانی عێراق کۆبووبووەوە، هاوکات ژاڵن لە سەردانەکەی بۆ هەولێر لەلایەن سەرۆک بارزانییەوە پێشوازیی لێکرابوو.