جۆن کێربی: داوای لێبوردن دەکەم بە هەڵە گوتم پێشتر عێراقمان لە هێرشەکان ئاگادارکردووەتەوە

جۆن کێربی
جۆن کێربی

K24 – هەولێر:

گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا لە کۆشکی سپی داوای لێبوردنی کرد لە گوتەیەکی پێشووی خۆی کە ئاماژەی بەوەکردبوو، وڵاتەکەی بە‌غدای لە بۆردومانەکانی ئەم دواییە ئاگادارکردبووەوە.

رۆژی سێشەممە (6ـی شوباتی 2024) جۆن کێربی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا لە کۆشکی سپی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "داوای لێبوردن لە لێدوانێکی هەڵە دەکەم کە واشنتن پێش چێبەجێکردنی بۆردومانە ئاسمانییەکەی چەند رۆژێک لەمەوبەر لە عێراق، بەغدای لەو هێرشە ئاگادارکردبێتەوە".

 درەنگانی شەوی (2ـی شوباتی 2024) له ‌كاردانه‌وه‌ی كوشتنی سێ سه‌ربازی ئەمەریکی له‌ بنكه‌ی "تی-22"ـی سنووری ئوردن، ئه‌مەریكا هێرشه‌كانی بۆ سه‌ر بنكه‌ و باره‌گاكانی گرووپ و میلیشیاكان‌ له‌ عێراق و سووریا ده‌ستپێكرد، تێیدا 85 پێگەی سوپای پاسداران و میلیشیاکان و چەندین کۆگای درۆن و مووشەکیش لەو دوو وڵاته‌ وێرانكران.

دوای ئەوەش، جۆن کێربی، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، وڵاتەکەی پێش ئەنجامدانی ئەو هێرشانە حکومەتی عێراقی ئاگادارکردووەتەوە و ئەمەش چەند جارێک لەلایەن عێراقەوە رەتکرایەوە.