وەزیرانی دەرەوەی عێراق و ئەمەریکا سزادانی 7 بانکی عێراقی تاوتوێ دەکەن

وەزیرانی دەرەوەی عێراق و ئەمەریکا
وەزیرانی دەرەوەی عێراق و ئەمەریکا

K24 - هەولێر

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق و هاوتا ئه‌مەریكییه‌كه‌ی لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا سزاكانی سه‌ر 7 بانكی عێراقیان تاوتوێ کرد.

فوئاد حوسێن، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق له‌ په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنیدا له‌گه‌ڵ ئه‌نتۆنی بلینكن، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مەریكا سزادانی 7 بانكی عێراقیان تاوتوێ کرد كه‌ له‌لایه‌ن گەنجینەی ئه‌مەریكاوه‌ به‌سه‌ریاندا سه‌پێنراوه‌ و راسته‌وخۆ په‌یوه‌ندییان به‌ به‌شه‌خۆراكی هاووڵاتیانی كه‌م داهاته‌وه‌ هه‌یه‌.

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق له‌ په‌یوه‌ندییه‌ ته‌له‌فۆنییه‌كه‌دا رایگه‌یاندووه‌، عێراق ئه‌و هێرش و ده‌ستدرێژییانه‌ی‌ ره‌تكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ ده‌كرێنه‌ سه‌ر خاكه‌كه‌ی، به‌و ئامانجه‌ی عێراق له‌ گۆڕه‌پانی ململانێ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان دووربخرێته‌وه‌.

هه‌روه‌ها له‌باره‌ی كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی له‌ عێراق، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق ‌ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی دیالۆگ و كۆبوونه‌وه‌كانی لیژنه‌ی سه‌ربازی باڵای هاوبه‌شی نێوان هه‌ردوولا له‌باره‌ی كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان به‌ پێویست زانی.