ماڵئاوایی کردنی پلاسخارت لە عێراق موشتومڕێکی زۆری دروستکردووە
K24 - هەولێر
جێنین پلاسخارت، لە دانیشتنی ئەنجومەنی ئاسایشی سەر بەنەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، ئەوە دوا قسەکانییەتی لەسەر عێراق، چونکە بەم زووانە پۆستەکەی بەجێدەهێڵێت.
گوتاری نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، جێنین پلاسخارت، کە دوێنێ سێشەممە، لە دانیشتنی ئەنجومەنی ئاسایشی سەر بەنەتەوە یەکگرتووەکان پێشکەشی کرد، ئەو بڕوایەی وابوو کە ئەوە "دوا قسەکانیەتی سەبارەت بە عێراق"، چونکە بەم زووانە پۆستەکەی بەجێدەهێڵێت، ئەمەش پرسیاری لەلای هەمووانەوە دروستکردووە کە ئایا ئەوە پێشهاتێکی سروشتی بووە یان پەیوەندی بە گۆڕانی دۆخی سیاسی و ئەمنی عێراقەوە هەیە.
ئاماژەی بەوەشکرد، "لە کانوونی یەکەمی ساڵی 2018 گەیشتمە بەغدا، ئێستاش دوای پێنج ساڵ ئێستا کاتەکە نزیکە ماڵئاوایی بکەم و پێشبینی دەکەم لە کۆتایی مانگی ئایاردا پۆستەکەم بەجێبهێڵم، کارێکی ئاسان نییە، عێراق بووەتە بەشێک لە من".
راگەیاندنی کۆتایی هاتنی ئەرکەکانی لە عێراق بۆ هەمووان جێی سەرسوڕمان بوو، پرسیاری دەربارەی هۆکارەکانی ئەم هەنگاوە وروژاند، هەروەها ئەوەی کە ئایا بە ویستی خۆی بووە یان لەژێر رێنمایی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکاندا بووە.
پرسیار هەیە سەبارەت بەوەی کە ئایا گۆڕانکارییەکەی پلاسخارت پەیوەندی بە گۆڕانکارییە سیاسی و ئەمنییەکانی وڵاتەکەوە هەیە، بەتایبەتی لە کاتێکدا واشنتن باڵیۆزی نوێی ئەمەریکا لە عێراق دەستنیشان دەکات.
هەروەها پرسیار و گریمانە هەیە دەربارەی ئەوەی ئایا دەست لەکارکێشانەوەکە پەیوەندی هەیە بە لێکۆڵینەوەکەی رۆژنامەی گاردیانی بەریتانیەوە سەبارەت بە بەرتیل وەرگرتن لەلایەن کارمەندانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، لە بازرگانان و وەبەرهێنەران.
رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی بەم دواییانە رایگەیاند، کە بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گەشەپێدان تیمێکی ناردووە بۆ عێراق بۆ هەڵسەنگاندنی تۆمەتی گەندەڵی لە بەرنامەی ئاوەدانکردنەوە کە بڕی 1.5 ملیار دۆلارە.
بەرپرسێکی حکومەتی عێراق لەسەر ئەو بابەتە رایگەیاند، محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق فەرمانی بەدەستەی دەستپاکی کردووە، بەکردنەوەی دۆسیەی لێکۆڵینەوە لەسەر ئەو بابەتە.
لە کۆتایی گوتارەکەیدا دەربارەی عێراق، پلاسخارت چەند دەستەواژەیەکی رۆمانسی بەکارهێنا کە تیایدا "هیوای خواست کە خەڵکی هەموو جیهان رۆژێک عێراق بناسن"، هەروەها عێراقی بە "وڵاتێکی جوان و گەورە و وڵاتێکی دەوڵەمەند بە هەمەجۆری کولتوور وەسف کرد، کە دەرفەتی زۆری تێدایە بۆ دەستگرتن."
ئاماژەی بەوەشکرد، "ستایشی هەموو پیاوان و ژنانی عێراقی دەکەم بۆ قوربانیدان و هێز و قووڵی پابەندبوونیان بە بنیاتنانی عێراقێکی گەشەکردوو و دیموکراسی و ئاشتیخواز".