کەنەدا 11 بەرپرسی حەماسی سزادا
K24 – هەولێر:
لە بەرامبەر هێرشەکانی 7ـی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوو بۆ سەر ئیسرائیل، کەنەدا 11 بەرپرسی حەماسی سزادا.
مێلانی جۆولی، وەزیری دەرەوەی کەنەدا رایگەیاند، کەنەدا 11 بەرپرسی حەماس و هاوکارانی حەماسی سزاداوە، لەبەرامبەر ئەوەی دەستیان لە پارەدارکردنی حەماس هەبووە و پلان داڕێژەی هێرشەکانی 7ـی ئۆکتۆبەری رابردوو بوون بۆ سەر ئیسرائیل.
وەزیری دەرەوەی کەنەدا، ناوی برپرسیەکانی ئاشکراکرد و لەوانەش؛ یەحیا سینوار سەرکردەی حەماس، محەممەد زەیف، سەرکردەی سەربازی حەماس و ئەکرەم عەجووری سەرکردەی سەربازی جیهادی ئیسلامی فەڵەستینی.
هاوکات ئاماژەی بەوەشدا، لەگەڵ هاوبەشەکانیان لە سزادانی حەماس بەردەوام دەبن، ئەو سزایانەشیان تواناکانی حەماس بۆ پارەدارکردنی چەکدارەکانیان و هێرشکردنە سەر ئیسرائیل سنووردار دەکات.
رۆژی 7ـی ئۆکتۆبەری 2023، بزووتنەوەی حەماس هێرشیکردەسەر ئیسرائیل، کە زیاتر لە هەزار و 400 کەس کوژران و زیاتر لە 240 کەسیش وەک بارمتە دەستبەسەرکران کە تاوەكو ئێستا زیاتر لە 100 بارمتەیان ئازادکراون.
ئیسرائیل بەڵێنی نەهێشتنی حەماسی داوە، بۆیە لە 27ـی ئۆکتۆبەرەوە هێرشێکی زەمینی بەرفراوانی ئەنجامداوە و بەهۆیەوە 27 هەزار و 585 کەس گیانیان لەدەستداوە کە زۆرینەیان ژن و منداڵن.