چوار سەرکردەی سەربازی حوسییەکان کوژران

K24 - هەولێر
گرووپی حوسییەکانی رایگەیاند، دوێنێ چوارشەممە، چوار سەرکردەی سەربازییان بە گوللـەی چەکداران لە پارێزگای "ئیب" لە ناوەڕاستی یەمەن کوژران.
وەزارەتی ناوخۆی یەمەن سەربە حوسییەکان لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، "چوار سەرکردەیان لە پارێزگای ئیب کوژراون، ئەوانیش عەقید غەمدان زەبینەڵڵا جومەیدە، نەقیب یاسین محەمەد حەمید ئەلشعوری، نەقیب شایف محەمەد عەلی جومەیدە، نەقیب ئەحمەد محەمەد عەلی رەجەب".
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، "کوژرانی ئەو چوار کەسە لە کاتی هەڵمەتێکی ئەمنی بۆ دەستگیرکردنی ژمارەیەک لە کەسانی داواکراو روویداوە، کە فەرمانی دەستگیرکردنیان لەلایەن داواکاری گشتی لە پارێزگای ئیبەوە بۆ دەرچووبوو".
دەشڵێت: "لە کاتی گەیشتنی ئەندامانی ئەمنی بۆ دەستگیرکردنی تۆمەتباران، ئەوکەسانە دەستیان کردووە بە تەقەکردن لە هێزە ئەمنییەکان، کە بووە هۆی کوژرانی چوار کەس لە هێزە ئەمنییەکان و بریندارکردنی سێ کەسی دیکە و کوژرانی یەکێک لە تۆمەتبارەکان".
پارێزگای ئیب، لە دوای کودەتای میلیشیاکانی حوسییەکان لە دژی حکومەتی یەمەن لە ژێر کۆنترۆڵی ئەو گرووپە دایە.