یەحیا رەسوڵ: هێرشەکەی ئەمەریکا رەنگە لێکتێگەیشتنەکان و دەستپێکردنی گفتوگۆی دوو قۆڵی تێکبدات

یەحیا رەسوڵ، گوتەبێژی فەرماندەیی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق
یەحیا رەسوڵ، گوتەبێژی فەرماندەیی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق

K24 - هەولێر

گوتەبێژی فەرماندەیی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاند، ئەو کارانەی ئەمەریکییەکان ئەنجامی دەدەن، رەنگە لێکتێگەیشتنەکان و دەستپێکردنی گفتوگۆی دوو قۆڵی تێکبدات.

یەحیا رەسوڵ، گوتەبێژی فەرماندەیی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، ئەمەریکییەکان چەندین جارە بە نابەرپرسانە، هەموو ئەو کارانە ئەنجام دەدەن کە رەنگە لێکتێگەیشتنەکان و دەستپێکردنی گفتوگۆی دوو قۆڵی تێکبدات.

گوتیشی: هاوکات شەوی رابردوو هێرشێکی ئاسمانی لە ناوەڕاستی گەڕەکێکی نیشتەجێبوون لە بەغدای پایتەخت ئەنجامدا، کە بەشێوەیەک گرنگی بە ژیانی خەڵکی سڤیل و یاسا نێودەوڵەتییەکان نەدا.

رەسووڵ ئاماژەی بەوەشکرد، بەم شێوەیە هەڕەشە لە ئاشتی دەکات، سەروەری عێراق پێشێل دەکات، ژیانی خەڵک و گەلەکەمان دەخاتە مەترسییەوە، ئەوەی لەوە مەترسیدارتریشە ئەوەیە کە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە تەواوی لەو هۆکار و مەبەستانە تێیدەپەڕێنێت کە لەسەر خاکی ئێمە بۆی دروست بووە.

گوتەبێژی فەرماندەیی گشتی هێزە چەکدارەکان باسی لەوەشکرد، ئەم کارانە زیاتر لە جاران پاڵ بە حکومەتی عێراقەوە دەنێ بۆ کۆتاییهێنان بە ئەرکی ئەم هاوپەیمانییە، کە بۆتە فاکتەری ناسەقامگیری عێراق، و هەڕەشەی راکێشانی عێراق بۆ ناو بازنەی ململانێکان.

شەوی رابردوو ئۆتۆمبێلێک لە ناوچەی مەشتەلی رۆژهەڵاتی بەغدا، لەلایەن فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئەمەریکی MQ9 کراوەتە ئامانج، هەمان جۆری ئەو فڕۆکەیە کە بۆ کوشتنی قاسم سولەیمانی و ئەبومەهدی موهەندیس لە ساڵی 2020 بەکارهێندرا.

کوردستان24 زانیوویەتی دوو سەرکردەی کەتائیبی حزبوڵڵا بە ناوەکانی ئەبو باقر ساعیدی و ئەرکان عەلیاوی کوژراون، هاوکات حزبووڵڵای عێراقیش کوژرانی ئەو دوو سەرکردەیەی پشتڕاستکردەوە.

لای خۆیەوە وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا رایگەیاند، ئاگادارای راپۆرتەکانن سەبارەت بە هێرشەکەی بەغدا.

هەروەها سوپای پاسدارانی ئێران بڵاویکردەوە، ساعیدی بەرپرسی سیستەمی مووشەکییەکانی حزبووڵڵای عێراقە ئەمشەو لە هێرشەکە کوژراوە.