دوای نزیکەی دوو هەفتە گەمارۆدان تەرمەکەی دۆزرایەوە

هند رەجەب تەمەن شەش ساڵ و قوربانی شەڕی حەماس و ئیسرائیل
هند رەجەب تەمەن شەش ساڵ و قوربانی شەڕی حەماس و ئیسرائیل

K24 – هەولێر

کچێکی شەش ساڵانی فەڵەستینی دوای دوو هەفتە بێسەروشون بوون، دواجار تەرمەکەی دۆزرایەوە. چەکدارانی حەماس خانەوادەی منداڵەکەیان ئاگادارکراوەتەوە، کە تەرمی کچەکەیان و ژمارەیەک کەسی دیکەیان دۆزیوەتەوە، کە لایەن سوپای ئیسرائیلەوە کوژراون.

دوای ئەوەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە (10ی شوباتی 2024) زریپۆشەکانی سوپای ئیسرائیل لە ناوچەی تەلهەوای باشووری شاری غەززە کشانەوە، تەرمی هند رەجەب تەمەن شەش ساڵان لەگەڵ تەرمی چەند ئەندامێکی خێزانەکەی لە نێو ئۆتۆمبێلێک لە نزیک وێستگەی سووتەمەن ناوچەکە دۆزراوەتەوە.

ئەیوب حەمادە باپیری منداڵە کوژراوەکە بە ئاژانسی هەواڵی فەرەنسی راگەیاندووە، ژمارەیەک لە کەسوکارەکانیان چوونەتە شوێنی رووداوەکە و لە کوژرانی هند و ژمارەیەک ئەندامانی خێزانەکەی دڵنیابوونەتەوە.

هەروەها خانەوادەکەی رایگەیاندووە، بەگوێرەی ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەی هند لەگەڵ بەشێک لە خێزانەی کردوویەتی، سەرەتا لە هێرشەکان رزگاریان بووە، بەڵام دواتر ئەو ئۆتۆمبێلەی تێیدابوون، لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە راستەوخۆ بە ئامانجگیراوەو کوژراون.

هەر لە بارەی رووداوەکەوە، مانگی سووری فەڵەستین بڵاویکردووەتەوە، بەر لە کوژرانی لەلایەن هند پەیوەندییان پێوەکراوە، بەڵام لەو کاتەدا دەنگی دەستڕێژیان بیستووە، دواتر تەرمی (هند) یان لە نێو ئۆتۆمبێلێکی فریاکەوتنی تەندروستی دۆزیوەتەوە، کە چەند مەترێک لە دووری ئەو ئۆتۆمبێلە دیکەوە بووە، کە قوربانییەکانی تری تێدابووە.

چەکدارانی حەماس لە (7ی ئۆکتۆبەری 2023)  هێرشیانکردە سەر ئیسرائیل و بەهۆیەوە زیاتر 1160 کەس کوژران، کە زۆرینەیان خەڵکی سڤیل بوون، لە وەڵام ئەو هێرشەی حەماسدا، سوپای ئیسرائیل لە (17ی تشرینی 2023) هێرشکردە سەر کەرتی غەززە و بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکانی وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین تاوەکوو ئێستا 27 هەزار و 940 فەڵەستینی کەرتی غەززە کوژراون، کە زۆرینەیان ئافرەت و منداڵ و بەساڵاچووانن.

Fly Erbil Advertisment