تیمی کوردستان 24 کەوتنەبەر تۆپبارانی ئێران
K24 – سیدەكان
كەمێك پێش ئێستا لەكاتی رووماڵی تۆپبارانەكانی ئێران بۆسەر ناوچە سنوورییەكانی دەڤەری برادۆست لە ناحیەی سیدەكان، چەند تۆپێك لە نزیك تیمی كوردستان24 بە زەوی كەوتن و بەگوێرەی زانیارییەكان بە سەلامەتی دەرباز بوون.
تەیفور محەمەد پەیامنێری كوردستان24 لە دەڤەری سۆران رایگەیاند: "لەكاتی رووماڵی تۆپبارانەكانی ئەمڕۆی ئێران بۆسەر ناوچە سنوورییەكانی برادۆست، چەند تۆپێك لە نزیك من و وێنەگرەكەمان بە زەوی كەوتن، تۆپێك زۆر لە نزیكی سامان محەمەدی وێنەگر بە زەوی كەوت، لەگەڵ ھێزی تۆپەكە سامان كەوتەسەر زەوی، بەڵام خۆشبەختانە سەلامەتە".
راشیگەیاند: "دوای ئێمە چەند رۆژنامەنووسێكی دیكە ھاتنە ناوچەكە و ئاگادارمان كردنەوە لەبەر سەلامەتی گیانیان بگەڕێنەوە لەو كاتە چەند تۆپێك بە ئاراستەی ئەوانیش كەوتنەخوارەوە".
لەبەیانی ئەمڕۆوە تیمی كوردستان24 وەك یەكەم تیمی رۆژنامەوانی بۆ رووماڵكردنی تۆپبارانەكانی ئێران بۆسەر ناوچە سنوورییەكانی ناحیەی سیدەكان چوونەتە ئەو ناوچەیە و تا ئێستا تۆپبارانكردنی ئەو ناوچانە لە لایەن تۆپخانەكانی ئێران بەردەوامە.