شیفا بارزانی: پەیامی سەرۆک بارزانی دەگەیەنمە رەوەندی کوردی لە کەنەدا

شیفا بارزانی، سەرپەرشتیاری رەوەندی کوردستانی
شیفا بارزانی، سەرپەرشتیاری رەوەندی کوردستانی

K24 – هەولێر:

سەرپەرشتیاری رەوەندی کوردستانی ئاماژەی بەوەدا، لە پەرلەمانی کەنەدا وتارێک پێشکەش دەکات و پاشان لەگەڵ رەوەندی کوردی ئەو وڵاتە کۆدەبێتەوە و پەیامی سەرۆک بارزانییان پێ رادەگەیەنێت.

ئەمڕۆ یەکشەممە (11ـی شوباتی 2024) شیفا بارزانی، سەرپەرشتیاری رەوەندی کوردستانی لەگەڵ جەماوەری شاری ناشڤیڵ، کە بە کوردستانی بچووک ناسراوە کۆبووەوە.

ناوبراو لە میانی وتارێکدا لە شاری ناشڤێڵ بە وردی باسی لە پڕۆژەی رەوەندی کوردستانی کرد و رایگەیاند، ئەو پڕۆژەیە هەنگاوێکی نەتەوەییە بۆ رێکخستن و یەکخستنی کوردستانیان و لەم پەیوەندییەشدا هەموو ئەوانەی باوەڕیان بە ئاڵای کوردستان، پێشمەرگە و مافی سەربەخۆیی بۆ کوردستان هەیە، دەتوانن لەو پڕۆژە نەتەوەییەدا خۆیان ببیننەوە.

شیفا بارزانی لە وتارەکەیدا بە بایەخەوە باسی لە رۆڵی گەنجانی دەرەوەی وڵات و پێویستی چاندنی بیر و هۆشی نەتەوەیی کرد لەم بازنەدا داوای کرد کە کوردستانیان لە دەرەوەی بازنەی حزبایەتی و وەکو هاووڵاتی ئەمریکایی-کوردستانی هێز و تواناکانیان یەکبخەن.

سەرپەرشتیاری رەوەندی کوردستانی لە درێژەی سەردانەکانیدا، بڕیارە رۆژی دووشەممە بەناوی رەوەندی کوردی وتارێک لە پەرلەمانی کەنەدا پێشکەش بکات، پاشان لەگەڵ رەوەندی کوردی ئەو وڵاتە کۆدەبێتەوە و پەیامی سەرۆک بارزانیان پێ رادەگەیەنێت.