ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق: بەرپرسی دارایی و ئیداری رێکخراوی داعش دەستگیرکرا

K24 – هەولێر:
فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق، ئاشکرایکرد، هەوڵە هەواڵگرییەکانی دەزگای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بەردەوامە لە ئۆپەراسیۆنەکانی هەڵوەشاندنەوە و لەناوبردنی پاشماوەی تۆڕەکانی چەتەکانی داعش و پووچەڵکردنەوەی پلانە تیرۆریستییەکانیان.
ئەمڕۆ سێشەممە (13ـی شوباتی 2024) فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق، بە هەوڵێکی هەواڵگری تایبەت تواندرا بەرپرسی دارایی و ئیداری رێکخراوی داعش دەستگیربکرێت.
لە راگەیاندراوی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراقدا هاتووە، "بە هەوڵێکی هەواڵگریی کە بریتی بوو لە چاودێریکردن و بەدواداچوونی ئۆپەراسیۆنەکان، تواندرا بەرپرسی دارایی و ئیداری رێکخراوی داعش دەستگیربکرێت، دوای ئەوەی بە بەڵگەنامەی ساختەوە هاتبووە ناو عێراق بۆ دەستپێکردنەوەی چالاکییە تیرۆریستییەکەی".
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، "هەوڵە هەواڵگرییەکانی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان بەردەوامە لە هەڵوەشاندنەوە و لەناوبردنی پاشماوەی تۆڕەکانی داعش و پووچەڵکردنەوەی پلانە تیرۆریستییەکانیان بۆ ئەوەی عێراق لە ئاسایش و سەقامگیری هەمیشەیی دابێت".