لە هەولێر ئامادەکاری بۆ رووبەڕووبوونەوەی لافاو دەکرێت
K24 - هەولێر
جێگری پاریزگاری هەولێر رایگەیاند، دوای ئەو هەواڵانەی بڵاو بوونەوە لەلایەن کەشناسی هەرێمی کوردستان، ئێمە وەک پارێزگای هەولێر لە حاڵەتی ئامادە باشیداین بۆ ئەگەری رووبەڕووبوونەوەی لافاو.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 14ـی شوباتی 2024، مەسعود کاڕەش، جێگری پاریزگاری هەولێر، بە کوردستان24ـی راگەیاند، دوای ئەو هەواڵانەی بڵاو بۆوە لەلایەن میدیاکانی کەشوهەوای هەرێمی کوردستان، ئێمە لای خۆمانەوە بۆ ئەوەی بەرچاو روونییەکمان هەبێت، لە حاڵەتی ئامادە باشیداین، هەروەها لەلایەن بەڕێوەبەری کەشناسی ئاگادارکراینەوە گوایە ئەمڕۆ ئێوارە شەپۆلێکی باران بارین دەستپێدەکات تاکو رۆژی هەینی بەردەوام دەبێت.
بە گوتەی ئەو جێگرە، لە شاری هەولێر نزیکەی 50 ملم باران دەبارێت، لەرێگەی کەشناسیشەوە بۆمان بەدیار کەوتووە شەپۆلەکە بەتەواوی کوێ دەگرێتەوە، سەنتەری شار و دەرەوەی شار دەگرێتەوە، لەگەڵ شوێنەکانی دیکە بۆمان روونکراوەتەوە تاکو ئێمە بتوانین سەرنجی خۆمان لەکوێ بدەین.
مەسعود کارەش راشیگەیاند، بەڕێوەبەری گشتی شارەوانییەکان لەگەڵ بەڕێوەبەری ئاودێری هەولێر خۆیان لە کۆبوونەوەکەدا بوون، کە هەریەکەیان بەرپرسیارێتییەکی خۆیان هەیە، ئەگەر بەماوەی 24 کاتژمێرە ئەو 50ملم بارانێکی نەرم ببارێت، ئەوا دەکاتە سەعاتی 2 ملم باران ئەوە کێشە دروست ناکات، بەڵام ئەو 24 کاتژمێرە بارانی بە خور ببارێت، بەڕێوەبەری ئاودێری هەولێر بەرپرسە لەسەر ئەو کەندە سروشتییانەی کە لە دەوروبەری شاری هەولێر هەیە، بەڕیوەبەری ئاو وئاوەڕۆ بەرپرسە لەسەر ئاو ئاوەی لەناو شاری هەولێر هەیە، شارەوانییەکانیش بەهەمان شێوە بەرپرسن لەدەرەوەی هەولێر و لەگەڵ قایمقامەکان لەسەر هێڵ دەبن بۆ ئەو مەبەستە.