وەزیری بەرگری ئەڵمانیا بۆ کوردستان24: هەڕەشەکانی سەر هەولێر دەبینین و دەبێت بە وریاییەوە مامەڵەی لەگەڵدا بکەین

K24 – برۆکسل:

وەزیری بەرگری ئەڵمانیا لە وەڵامی کوردستان24 رایگەیاند، لە پەیوەندی نزیکدان لەگەڵ هاوپەیمانەکانیان لە کوردستان و عێراق.

رۆژی چوارشەممە (14ـی شوباتی 2024) بۆریس پیستۆریۆس، وەزیری بەرگری ئەڵمانیا لە وەڵامی پەیامنێری کوردستان24 سەبارەت بە هێرشەکان بۆ سەر هەولێر و کردنە ئامانجی هێزەکانی هاوپەیمانان رایگەیاند، ئەو هەڕەشەیە دەبینین لە داهاتوودا رەنگە رووبەڕوویان ببێتەوە، بۆیە پێویستە بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ دۆخەکەدا بکەن.

وەزیری بەرگری ئەڵمانیا گوتیشی: "ئێمە لە پەیوەندی نزیکداین لەگەڵ هەموو هاوپەیمان و هاوبەشەکانمان لە ناوچەکەدا. لەگەڵ هێزەکانیشمان بەهەمان شێوە لە پەیوەندی داین. ئەو هەڕەشەیە دەبینین بەرەو روومان دێت. لەگەڵ ئەوەشدا، بە شێوەیەکی ژیرانە و هێمنانە کاردەکەین، کە بڕوام وایە زۆر گرنگە. نابێت مەترسییەکە لە قەبارەی خۆی گەورەتر بکەین، لەهەمان کاتیشدا پێویستە وریابین".