شیفا بارزانی لە پەرلەمانی کەنەدا: داوادەکەین کەنەدا پارێزگاری لە هەرێمی کوردستان بکات

K24 – ئۆتاوا:

لە گوتارێکدا لەپەرلەمانی کەنەدا شیفا بارزانی بەرپرسی رەوەندی کوردستانی لە دەرەوە رایگەیاند، پێویستە پەرلەمانی کەنەدا گوشار لە حکومەتی ئەو وڵاتە بکات تا وەک هاوپەیمانێک گرنگی بە هەرێمی کوردستان بدەن و پارێزگاری لێبکەن.

هاوکات، ئاڵی ئیحساسی ئەندامی پەرلەمانی کەنەدا ئاماژەی بەوەدا، بەشێکی زۆری ئەندام پەرلەمانەکانی کەنەدا پەیوەندییان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیە، گرنگە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هەولێر بەهێزتر بکەن و هاوشانی خەڵکی هەرێم دژی دەستدرێژییەکانی ئێران و گروپە چەکدارەکان بوەستنەوە.

دۆسیەی هێرشی مووشەکی بۆسەر هەولێر و شەهیدکردنی هاووڵاتی سڤیل، برایە پەرلەمانی وڵاتێکی زلهێزی جیهان، ئەویش پەرلەمانی کەنەدایە و شیفا بارزانی بەرپرسی رەوەندی کوردستانی لەدەرەوە لەپەرلەمانی کەنەدا گوتارێکی پێشکەشکرد و تیایدا تیشکی خستەسەر چەند پرسێکی گرنگ و جێی بایەختی پەیوەست بەهەرێمی کوردستان.

لەگوتارەکەیدا شیفا بارزانی سوپاسی هاوکارییەکانی ئۆتاوای بۆ هێزەکانی پێشمەرگە کرد بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و سەرکەوتن بەسەر مەترسی داعشدا.

لەبەشێکی دیکەی قسەکانیدا لەپەرلەمانی کەنەدا شیفا بارزانی باسی لەهێرشە مووشەکییەکانی سەر هەولێر کرد و داوای لەئەندام پەرلەمانەکانی کەنەدا کرد گوشار بخەنە سەر حکومەتی ئەو وڵاتە تا بەشێوەیەکی باشتر وەک هاوپەیمانێک پارێزگاری لەهەرێمی کوردستان بکەن.

لەلایەکی دیکەوە، ئاڵی ئیحساسی ئەندامی پەرلەمانی کەنەدا کەبەشداری کۆبوونەوەکەبوو بەکوردستان24ـی راگەیاند، دۆخی هەرێمی کوردستان هەستیارە، لەگەڵ ئەوەشدا بەشێکی زۆری ئەندامانی پەرلەمانی کەنەدا پەیوەندییان لەگەڵ حکومەتی هەرێم هەیە و پێویستە لەپاڵپشتیکردنی هەرێمەکە بەردەوامبن.

ئاڵی ئیحساسی، ئەندامی پەرلەمانی کەنەدا گوتی: "زۆر دڵخۆش و سوپاسگوازرین کە ئەمڕۆ شیفا بارزانی سەردانی پەرلەمانی کەنەدای کردووە لەئۆتاوا، بەشێکی زۆری پەرلەمانتارە کەنەدییەکان پەیوەندی بەهێزییان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیە، هەروەها لەوە تێدەگەن کە چەند گرنگە ئەو پەیوەندییانە بەردەوامییان هەبێت، بەتایبەتی دۆخی هەرێمەکە هەستیارە و زوو زوو ئێران بۆردومانی دەکات، پاڵپشتی هەرێمی کوردستان بکەین.

هەرێمی کوردستان لەسەرئاستی نێودەوڵەتی خاوەن پێگەیەکی تایبەتە، وڵاتە زلهێزەکان بەگرنگی دەزانن پاڵپشتی مۆدێلی پێکەوەژیان و دیموکراسییانەی هەرێم بکرێت و هاوشانی هەولێر دژی دەستدرێژییەکان بوەستنەوە.

هەروەها شیفا بارزانی سەرپەرشتیاری رەوەندی کوردستانی لەگەڵ رەوەندی کوردستانی شاری دیترۆیتی ویلایەتی میشیگەنی ئەمەریکا کۆبووەوە.

لە کۆبوونەکەدا شیفا بارزانی سەرپەرشتیاری رەوەندی کوردستانی باسی لە هەلومەرجی هەرێمی کوردستان چۆنیەتی بەهێزکردنی کاری رەوەندی کوردی کرد.

جەختی لەوەشکردەوە، پێویستە رەوەندی کوردی لە دەرەوەی بازنەی حیزبایەتی تێکۆشانەکانیان لەپێناو کوردستان گەشەپێبدەن.

کوردانی هەر چوار پارچەی كوردستان بەشداری کۆبوونەوەکەیان کرد و را و بۆچوونی خۆیان سەبارەت بەپرسە هەنوکەییەکان خستەڕوو.