نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری لە تێکچوونی دۆخی یەمەن دەدات

K24 - هەولێر
نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە یەمەن، هانس گروندبێرگ، داوای کرد دەستبەجێ هەنگاو بنێن بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە پەرەسەندنی گرژییە مەترسیدارەکان لە یەمەن.
گروندبێرگ لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکاندا، جەختی لەسەر پێویستی دۆزینەوەی رێگەیەک بۆ دەربازبوون لە پەرەسەندنە گرژییە مەترسیدارەکانی یەمەن کردەوە، هەروەها داوای کەمکردنەوەی گرژییەکانی کرد.
ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستە یەمەنییەکان خۆیان لە گرژییە سەربازییەکانی ناوخۆی وڵاتدا بەدوور بگرن، هەروەها یەمەنییەکان لە پێناو ژیان گیانی خۆیان دەکەن قوربانی.
گوتیشی: "لەماوەی پەیوەندییەکانی ئەم دواییەمدا، دڵنیاییم وەرگرت کە هەموو لایەنەکان لەگەڵ رێگای ئاشتیدان"، ئاماژەی بەوەشکرد، هەڕەشەی ئاشکرا بەدی دەکرێت بۆ دەستپێکردنەوەی شەڕ".
گروندبێرگ باسی لەوەشکرد، " نابێت گرژییەکانی ناوچەکە پەرەبسێنێت، پێویستە بەپەلە ئاگربەستی سەرتاسەری لە یەمەن رابگەیەندرێت، هەروەها مووچەی کەرتی گشتی دابەشبکرێت و هەناردەکردنی نەوت دەستپێبکاتەوە، هەروەها رێگاوبانەکان و بەندەرەکان و فڕۆکەخانەکان بکرێنەوە".
بەهۆی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس لە غەززە، حوسییەکانی سەر بە ئێران زیاتر لە دوو مانگە هێرش دەکەنە سەر کەشتییەکانی دەریای سوور و کەنداوی عەرەبی، کە بە گوتەی خۆیان پەیوەندییان بە ئیسرائیلەوە هەیە، ئەمەش بەهۆکاری پشتیوانیکردنی فەڵەستینییەکانی کەرتی غەززە دەزانن.