ئەمەریکا یاسایەک لە دژی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ سووریا پەسەند دەکات

ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا
ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا

K24 - هەولێر

ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا پرۆژە یاسای رووبەڕوونەوەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ حکومەتی سووریا بە 389 دەنگی بەڵێ بەرانبەر بە 32 دەنگی ناڕازی پەسەندکرد.

بەگوێرەی ناوەڕۆکی پرۆژەکە، ئەمەریکا ئامادە نییە پەیوەندییەکانی حکومەتی سووریا بە سەرۆکایەتی بەشار ئەسەد ئاسایی بکاتەوە و دان بە حکومەت و سەرکردایەتییەکەی بنێت.

یاسای پەسەندکراوەکەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا، درێژکردنەوەی ماوەی یاسای سیزەریش دەگرێتەوە، کە بڕیاربوو ئەمساڵ کۆتایی بێت.

ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریکا لە ساڵی 2020 و لە چوارچێوەی بودجەی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا، یاسای سیزەری بۆ پارێزگاری لە خەڵکی مەدەنی سووریا پەسەند کرد، کە لە ناوەڕۆکی یاساکەدا سزا بە سەر گەورە بەرپرسان و فەرماندە سەربازییەکانی رژێمی سووریا و پشتیوانەکانیان دەسەپێنێت. هەروەها یاساکە سەپاندنی سزا بە سەر دەستە و دامەزراوە رووسیی و ئێرانییەکانیش دەگرێتەوە، کە پشتیوانی ماددی و تەکنەلۆجییان بۆ کەرتی وزە و بەرگری سووریا دابینکردووە.