نوێنەرێکی کۆمارییەکان: مەترسی جددی لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکا هەیە
K24 - هەولێر
سەرۆکی لیژنەی هەواڵگری لە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا، "مایک تێرنەر" کە لەپارتی کۆمارییەکانە، هۆشداریدا لەوەی "مەترسییەکی جددی بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکا هەیە".
مایک تێرنەر لە بەیاننامەیەکدا، داوای لە جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا کرد، زانیارییە هەواڵگرییەکانی پەیوەست بەم هەڕەشەیە بەرزبکاتەوە، بۆ ئەوەی کۆنگرێس و ئیدارە و هاوپەیمانەکانی بە ئاشکرا باس لە هەنگاوە پێویستەکان بکەن بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەم مەترسییە، ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو زانیاریانەی لەبەردەستیدایە لەگەڵ ئەندامانی کۆنگرێس هاوبەش کردووە.
دوو سەرچاوە و بەرپرسێکی ئەمەریکی بە "سی ئێن ئێن"یان راگەیاندووە، "هەڕەشەکە پەیوەستە بە رووسیا، یەکێک لەو سەرچاوانە پشتڕاستی کردەوە کە لە راستیدا "تواناکانی رووسیا زۆر نیگەرانکەر و ناسەقامگیرکەرە کە لەم دواییانەدا زانیوومانە".
دوو سەرچاوەی ئاگادار بە کەناڵی ABC یان راگەیاندووە، ئەو زانیارییە هەواڵگرییانە پەیوەندییان بە خواستی رووسیا هەیە بۆ ناردنی چەکی ئەتۆمی بۆ بۆشایی ئاسمان.
لای خۆیەوە جەیک سولیڤان ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی راستەوخۆ وەڵامی لێدوانەکانی نوێنەری کۆمارییەکانی دایەوە و سەرسوڕمانی خۆی لە قسەکانی تێرنەر دەربڕی.
سولیڤان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە کۆشکی سپی گوتی: تەنها شتێک کە دەتوانم بیڵێم ئەوەیە کە ئەمڕۆ سەرنجم لەسەر کۆبوونەوەکەم لەگەڵ تێرنەر و نوێنەرانی گروپی هەشت دەبێت، سولیڤان باسی لەوەشکرد، ئیدارەی ئەمەریکا کراوەیە بۆ ئاشکراکردنی زانیاری هەواڵگری بە مەبەستی شەفافیەت و لە هەمان کاتدا ئەم بڕیارانە هی سەرۆکی ئەمەریکایە.
ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەوەی ئێستا گرنگە ئەوەیە کە دەرفەتێکمان بۆ رەخساوە کە کۆبوونەوەیەکی نهێنی ئەنجام بدەین و لەگەڵ سەرکردایەتی لیژنەی هەواڵگری قسە بکەین.