توركیا له‌سه‌ر داوای روسیا سنووره‌كانی له‌گه‌ڵ سوریا داده‌خات

میكانیزمێكی هاوبه‌شی سه‌ربازی پێك دێنن

K24 – هه‌ولێر

شانده‌ دیپلۆماسی و سەربازییه‌كانی روسیا لە میانەی دانوستانەكانی لەگەڵ بەرپرسانی توركیا داوایان لێكردووە سنوورەكانی لەگەڵ سوریا دابخات.

جێگری سەرۆكی لیژنەی بەرگری لە پەرلەمانی روسیا (دۆما) رایگەیاند داوامان كردوه‌ توركیا سنووره‌كانی له‌گه‌ڵ سوریا دابخات بۆ پێشیگرتن به‌ چوونه‌ ناوه‌وه‌ی تیرۆریست و چه‌ك بۆ ناوخۆی سوریا.

ڤیكتۆر ڤۆدۆلاتسكی هه‌روه‌ها گوتی روسیا ده‌توانێ وێنه‌ی سه‌ته‌لایه‌ت پیشانی توركیا بدات كه‌ به‌ قاچاغبردنی چه‌ك و چوونی تیرۆریستان بۆ سوریا تێیدا تۆمار كراوه‌.

به‌پێی رۆژنامه‌ی ئیزڤیستیای روسی، لایه‌نی توركیا داواكاری مۆسكۆی قبووڵكردووه‌ و ده‌ست به‌ لێكۆڵینه‌وه‌ی ئه‌م بابه‌ته‌ كردووه‌.

پێشتر ده‌زگاكانی راگه‌یاندن بڵاویان كرده‌وه‌ كه‌ روسیا و توركیا مێكانیزمێكی هاوبه‌شی سه‌ربازی، هه‌واڵگری و دیپلۆماسی داده‌نێن بۆ چاره‌سه‌ركردنی قه‌یرانی سوریا.

به‌پێی سه‌رچاوه‌ رۆژنامه‌وانییه‌كان، هه‌فتانه‌ سه‌دان چه‌كداری بیانی بۆ په‌یوه‌ست بوون به‌ چه‌كدارانی داعش له‌ سنووری توركیاوه‌ ده‌چنه‌ سوریا.