دزینی ئاسن و کانزاکانی هێڵی شەمەندەر چەندین گەشتی لە ئەڵمانیا هەڵوەشاندەوە

K24 - هەولێر

چەندین گەشتی شەمەندەفەر لە نێوان فرانکفورت و شتوتگارتی ئەڵمانیا بەهۆی دزینی ئاسن و کانزاکانی دیکەی هێڵی رێگاکان هەڵوشێنرایەوە.

ئاژانسی دۆیچەبان بڵاویکردووتەوە، رۆژی دووشەممە بەهۆی دزینی تەلی کارەبا و ئاسنی هێڵێ شەمەندەفەری نێوان وێستگەی ناوەندی مانهایم و شاری لامپێرسایم، گەشتی شەمەندەفەرەکان پەکیانکەوت و تەواوی خزمەتگوزارییەکانی گەشتکردن لە نێوان فرانکفورت و شتوتگارت لەگەڵ گەشتەکانی باکووری راین و ڤێستفالينی رۆژئاوا بەرەو میونشن هەڵوەشاوەتەوە.

هەروەها ئاژانسی دوێچەوێلەی ئەڵمانی ئاشکرایکردووە، بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی پارچەی کانزاکان، لەمدوایانەدا دزینی کانزاکان و بە تایبەتیش دزینی ئاسن زیادی کردووە، ئەمەش وایکردووە گرووپە خراپکارەکان بەشێوەی رێکخراو و شارەزایانە و بەکارهێنانی کەرەستەی تایبەت دزییەکانیان بکەن.

بەگوێرەی ئامارەکان، لەم ماوەیەی رابردوودا 450 حاڵەتی دزینی ئاسن و کانزکانی دیکە لە هێڵەکانی شەمەندەفەری ئەڵمانیا تۆمارکراون، کە بەهۆیەوە کاریگەری لەسەر گەشتی سێ هەزار 200  شەمەندەفەر هەبووە، تەواوی زیانەکانیش بە حەوت ملیۆن یورۆ مەزندە دەکرێت.