ئارام برادۆستی: لە رابردوودا ئاراستەی دادگا لەگەڵ ئەوە بووە هەموو عێراق بەیەک بازنە لەبەرژەوەندی پێکهاتەکان بێت
K24- هەولێر
شارەزایەکی یاسایی هەڵبژاردن راگەیاند، سەبارەت بە پرسی پێکهاتەکان لە دادگای فیدراڵی عێراق، خەریکە لە چوارچێوەی یاسایی و دەستووری دەچینە دەرەوە.
ئارام نەجمەدین برادۆستی، شارەزای یاسایی هەڵبژاردن بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئەوەی کە پەیوەندی بە کەیسی تانەکانی یاسایی هەڵبژاردنەوە هەیە ئێستا لە دادگای فیدراڵییە، دەتوانم بڵێم خەریکە لە چوارچێوەی یاسایی و دەستووری دەچینە دەرەوە.
برادۆستی گوتیشی: لە دەرەوەی چوارچێوەی یاسایی کێشە و گرفت لەبەردەم هەڵبژاردن دروست دەکەن، ئامانجەکەش دیارە، ئەویش ئەو تێڕوانین و بیرکردنەوە سیاسییەیە کە کۆنترۆڵی دادگا و دامەزراوەکانی عێراقی کردووە.
ئەو شارەزایە ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوانە نایانەوێت ئەو پێشوەچوونەی لە رووی ئابووری و ئەمنی و سیاسیەوە لە هەرێمی کوردستان هەیە بمێنێت، بۆیە لە رێگەی دارایی و دامەزراوەیی گرفت دروست دەکەن، ئێستاش دەیانەوێت لە رێگەی دادگای فیدراڵی گرفت لەبەردەم دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان دروست بکەن.
بەگوتەی برادۆستی: بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی دژ بە محەمەد حەلبوسی و پێکهاتەکانی سوننە و کورد ئەوەمان پێدەڵێت، کە ئەو دادگایە تا رادەیەک سەربەخۆیی خۆی لەدەستداوە. هەروەها سەبارەت بەپرسی پێکهاتەکان، ئێمە کۆمەڵێک بڕیاری دادگای فیدراڵیمان هەیە کە لەگەڵ ئەوە نییە پرسی پێکهاتەکان لەسەر یەک بازنە قەتیس بکرێن.
دەشڵێت: لە رابردوودا دیدگای دادگای فیدراڵی عێراق لەگەڵ ئەوە بووە کە هەموو عێراق بەیەک بازنە لەبەرژەوەندی پێکهاتەکان بێت، بەڵام نازانین بۆچی ئێستا دادگای فیدراڵی دەستاودەست بە کەیسی پێکهاتەکان دەکت.
سکاڵاکە لە دژی پێنج ماددەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکراوە کە تایبەتن بە ژمارەى کورسییەکانی پەرلەمان، یەک بازنەیی و فرە بازنەیی هەڵبژاردن و ژمارەی کورسی کۆتاکان لە پەرلەمانى کوردستان و، لەلایەن زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان و ئامانج نەجیب شەمعوون، ئەندامى کریستیانەکان لە ئەنجوومەنى پارێزگاى سلێمانى تۆمارکراون.
ئەو ماددانەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کە سکاڵایان لەسەر تۆمارکراوە:
ماددەی یەکەم (1): پەرلەمانی کوردستان – عێراق لە (111) سەد و یازدە ئەندام پێکدێت.
ماددەی نۆیەم (9): هەرێمی کوردستان – عێراق بە یەک ناوچەی دەنگدان دادەندرێت و، بەسەر چەند مەرکەزێکی دەنگداندا دابەش دەکریت.
ماددەی پازدەم (15): بۆ هەرێمی کوردستان، خشتە بەناوی دەنگدەران بۆ دەنگدان، بەپێی مەرکەزەکانی هەڵبژاردن ئامادە دەکرێن و بە ریزبەندی پیتە ئەبجەدییەکان رێکدەخرێن کە پیشە و ناونیشانیان و بەروار و جێگەی لەدایکبوونیان تێدا تۆمارکراوە. ئەگەر لە توانادا نەبوو ئەوە بکرێت، ئەو کاتە دەستەی باڵا بۆی هەیە رێگەیەکی دیکەی لەبارتر بۆ وەدی هێنانی مەبەستی پێویست دیاریبکات.
ماددەی بیست و دووەم (22):
1. هەر کیانێکی سیاسی لە هەرێمی کوردستان – عێراقدا بۆی هەیە لیستێکی تایبەت بە ناوی پالێوراوەکانی خۆی لەسەر ئاستی کوردستان – عێراق بکات کە رێژەیەکی ئافرەتی تێیدا بێت لە سەدا 30 کەمتر نەبێت و، ناوی پالێوڕاوەکانیش بە شێوەیەک ریزبەند کرابن کە نواندنی رێژەی ناوبراوی ئافرەتان لە پەرلەماندا گەرەنتی بکات. بە مەرجێک ژمارەی پاڵێوراوەکان لە هەر لیستێکی هەڵبژاردندا لە سێ پالێوڕاو کەمتر نەبن.
2. لیستی پاڵێوراوەکان لە ماوەی (15) رۆژدا لە رێککەوتی راگەیاندنی وادەی هەڵبژاردن پێشکەش بە سەرۆکی دەستەی باڵا دەکرێت و هەموو بەڵگەنامەیەکی پێوە دەلکێندرێت کە لە ماددەی 21ـدا داواکراون.
ماددەی سی و شەشەم (36):
1. پێنج کورسی بۆ کلدان، سریان و ئاشووری تەرخاندەکرێت. پاڵێوراوانی ئەو پێکهاتەیە کێبڕکێیان لەسەر دەکەن.
2. پێنج کورسی بۆ تورکمان تەرخاندەکرێن و، پاڵێوراوانی ئەو پێکهاتەیە کێبڕکێیان لەسەر دەکەن.
3. یەک کورسی بۆ ئەرمەن تەرخاندەکرێت و، كاندیدهكانى ئەو پێکهاتەیە کێبڕکێی لەسەر دەکەن.ساڵی 1992 یەکەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو. ساڵی 2004 یاسای هەڵبژاردن هەموارکرایەوە و ماددەی نۆیەمی یاساکە کە باسی لەوە دەکرد "هەرێمی کوردستان لە چەند ناوچەیەکی هەڵبژاردن پێکبێت" لابرا و هەرێمی کوردستان هەمووی کرایە یەک بازنەی هەڵبژاردن.