محەممەد عومەر: دادگای فیدراڵی لە دژی هەرێمی کوردستان بەکاردەهێندرێت
K24 – هەولێر:
پسپۆڕێکی یاسایی و دەستووری، رایدەگەیەنێت؛ دادگای فیدراڵی شەرعییەتی نییە و ئەم دادگایە هەمیشە لە دژی هەرێمی کوردستان بەکاردەهێندرێت.
محەممەد عومەر، پسپۆڕی یاسای و دەستووری، لەمیانەی بەشداریکردنی لە ژووری هەواڵی کوردستان24 رایگەیاند، ئەوەی دادگای فیدراڵی عێراق ئەنجامیدەدات لە هیچ دادگایەکی دنیا شتی وا روونادات، هەروەها ئەو دادگایە شەرعییەتی نییە.
ئەو پسپۆڕە یاسایی و دەستوورییە راشیگەیاند، بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی نا دەستووری و یاسایین، هاوکات لایەنێکی تایبەت بۆ مەرامی تایبەتی خۆی بەکاریدەهێنێت.
محەممەد عومەر، ئاماژەی بەوەدا، لە هەمو ئەو پرسانەی کە پەیوەندی بە هەرێمی کوردستانەوە هەیە بڕیارەکانی دادگا لەبارەیانەوە نادەستوورین، بە تایبەت لەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە راستیدا کاری ئەو دادگایە نییە بڕیار لەسەر چۆنیەتی ئەنجامدانی بدات.
بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی لە دژی هەرێمی کوردستان تەنیا لە بوارێکی دیاریکراودا نەبووە، بەڵکو بەشێوەیەکی گشتی بڕیارەکانی بە ئاراستەیەک دەرکردووە، کە کاریگەری لەسەر قەوارەی دەستووریی و یاسایی هەرێمی کوردستان هەبێت و ببێتە هۆی لاوازبوونی، بەڵام هەرێمی کوردستان بەهێزتر بەرامبەر ئەو بڕیارانە وەستاوەتەوە و بەرگری لە مافەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان و دامەزراوە یاساییەکانی کردووە.
لە ماددەی (92)ـی دەستووری عێراق کە لە 2005 لە راپرسییەکی گشتیدا لەلایەن زۆرینەی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان و عێراقەوە پەسەندکرا، ئاماژە بەوەکراوە کە دەبێت یاسایەک لە پەرلەمانی عێراق بۆ پێکهێنان و کارکردنی دادگای باڵای دەستووری دەربچوێندرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا پرۆژەیاسای دادگای فیدراڵی نەگەیشتووەتە پەرلەمانی عێراق و لە ناوەڕاستی مانگی 12ـی 2023، نووسینگەی سوودانی بەردەوامی کارەکانی ئەو لیژنەیەی بۆ پێداچوونەوە بە رەشنووسی پرۆژەیاساکە راسپێردراوە، راگەیاند.