بەریتانیا لەسەر هێرشی حوسییەکان داوایەک لە چین دەکات

K24 - هەولێر
وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا لە رایگەیاند، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا، دەیڤید کامیرۆن دوینێ هەینی لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن لەگەڵ هاوتا چینییەکەی، وانگ یی کۆبووەوە.
لە بەیاننامەکەدا کە ئەمڕۆ شەممە بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوەکراوە، دەیڤید کامیرۆن بە هاوتا چینییەکەی گوتووە، چین پێویستە هەژموونی خۆی بەسەر ئێراندا بەکاربهێنێت بۆ فشارخستنە سەر حوسییەکان سەبارەت بە هێرشەکانیان لە دەریای سوور.
کامیرۆن هەڵوێستی بەریتانیای لەبارەی پرسەکانی مافی مرۆڤ لە شینجیانگ و هۆنگ کۆنگ روونکردەوە، هەروەها باسی ئەو پەرلەمانتارە بەریتانیانەشی کرد کە چین سزای بەسەردا سەپاندوون، دواتریش داوای ئازادکردنی جیمی لای رۆژنامەنووسی کرد.
بەهۆی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس لە غەززە، حوسییەکانی سەر بە ئێران زیاتر لە دوو مانگە هێرش دەکەنە کەشتییەکانی دەریای سوور و کەنداوی عەرەبی، کە بە گوتەی خۆیان ئەو کەشتیانە پەیوەستن بە ئیسرائیلەوە.
بۆ یەکەمجار لەدوای سەرهەڵدانی ململانێکان لە یەمەن، هێزەکانی ئەمەریکا و بەریتانیا راستەوخۆ رووبەڕووی حوسییەکان بوونەوە، هەروەها بۆردومانی ئەو شوێنانە دەکەن کە بوونەتە مەترسی لەسەر کەشتیوانی دەریای سوور.