عیرفان کەرکووکی: بڕوامان بە پێکەوە ژیانی نەتەوەکان هەیە

کۆنگرەی سێیەمی پارتی گەلی تورکمان
کۆنگرەی سێیەمی پارتی گەلی تورکمان

K24 - هەولێر

سەرۆکی پارتی گەلی تورکمان رایگەیاند، ئێمە قوربانیمان داوە بۆ ئاشتی و پێکەوە ژیان لەناو شاری کەرکووک و شوێنەکانی دیکە، چونکە بڕوامان پێی هەبووە.

ئەمڕۆ شەممە، 17ـی شوباتی 2024، عیرفان کەرکووکی، سەرۆکی پارتی گەلی تورکمانی لە میانەی گەشتێکی هەواڵی کوردستان24 رایگەیاند، ئێمە کۆنگرەی پارتی گەلی تورکمانیمان بەست لەژێر دروشمی برایەتی، پێکەوە ژیان و ئاشتی، وەکو پارتی گەلی تورکمان بڕوامان بە پێکەوە ژیان هەبووە. لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە قوربانیمان داوە بۆ ئاشتی و پێکەوە ژیان لەناو شاری کەرکووک و شوێنەکانی دیکە، چونکە ئەو ئامانجە ئامانجێکی پیرۆز بووە و بڕواشمان پێی هەبووە.

بەگوتەی عیرفان کەرکووکی: "بەستنی کۆنگرەکەمان لە کەشوهەوایەکی ئازاد و بە شێوازێکی دیموکراسییانە بەڕێوەچوو، هەروەها لە کۆنگرەکەدا سەرۆکی پارت و جێگری سەرۆک و 15 ئەندامی سەرکردایەتی حزب هەڵبژێردرا، لەگەڵ دوو ئەندامی سەرکردایەتی یەدەگ بۆ ئەوەی بتوانین ئەو بەرنامانەی کە دامان رێشتوون و بڕوامان پێیەتی بتوانین وەکو پارتی گەلی تورکمانی زیاتر خزمەت بە میللەتی تورکمانی بکەین و رەچاوی هەنگاوەکانیش بکەین. ئەو هەنگاوانەی کە دامان رشتووە بۆ ئایندە بەرۆحییەتەوە کاری لەسەر بکەین و خزمەت بە نەتەوەیەکەمان بکەین. بەتایبەت لایەنە کوردستانییەکان و لایەنە تورکمانییەکان بتوانن ئەو بەرنامەی کە هەمانە بیخەینە بەر خزمەتی هاووڵاتییان.