نزیکە 20 ساڵە عێراق مافە رەواکانی گەلی کورد پێشێل دەکات

K24 - هەولێر
دوای پەسەندکردنی دەستووری عێراق، کورد رەخنە و سەرنجی بەردەوامی لە جێبەجێنەکردنی دەستوورە فیدڕاڵییەکە هەبووە. جێبهجێنهكردنی دهستوورەکە بووەتە هۆکاری بێبەشکردنی پێکهاتەی کورد لە زۆرینەی مافە رەواکانی.
نزیکەی 20 ساڵ بەسەر فیدڕاڵیزمبوونی عێراقدا تێدەپەڕێت. کۆسپ و تەگەرەکانی بەردەم جێبەجێکردنی تەواوەتی دەستوورە فیدڕاڵییەکە به یهكێك له کێشە گهورهكانی عێراق دادهنرێت له دهستهبهركردنی مافی پێكهاته سهرهكییهكانی وڵاتدا، لهوانه گهلی كوردستان.
دەستوور لە سیستمی فیدراڵیدا ئەو سەرچاوە باڵایەیە کە دەوڵەت دەسەڵاتەکانی لێ وەردەگرێت، بەڵام لە عێراقدا زۆرترین رەخنە لە بێدهسهڵاتی حکومەتی عێراق دەگیرێت، لە ئاست بەرهەڵستی و رێگریەکانی پێکهاتەیەکی باڵادەستی وڵاتەکە لە جێبەجێكردنی بنهماكانی دەستووردا.
لە میانەی بەشداریکردنی لە بەرنامەی باسی رۆژی کوردستان24، عەلیڕەزا نوریزادە، بەرپرسی ناوەندی توێژینەوەی ئێرانی-عەرەبی ئاماژەی بەوەدا، جێبەجێنەکردنی دەستوور وەکو خۆی و داننەنان بە پێکهاتەی کورد کە پێکهاتەیەکی سەرەکی پێکهێنەری دەوڵەتی نوێی عێراقە، سەرچاوەی کێشەکانی بەغدا و ههولێره.
عەلی رەزا نوری زادە گوتی: "بەغدا نکۆڵی لە هاوبەشیی کورد دەکات. نابێت وەکو پارێزگایەک مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکات. کورد هاوبەشی سەرەکی دەوڵەتەکەیە. بەغدا دەستوور وەکو خۆی جێبەجێ ناکات. هەرێمی کوردستان نموونەیەکی جوانی ناوچەکەیە و دەبێت حکومەتی عێراق و دادگای باڵای فیدڕاڵی رێز لە گەورەیی هەرێمەکە بگرن".
هەوڵدان بۆ بچوککردنەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستان و چاوهەڵنەهاتن بە دەستکەوتە بەدەستهاتووەکانی هەرێم لە سنووری دەوڵەتێکی نیمچە داڕووخاودا، لەماوەی 20 ساڵی رابردوودا کاری لەپێشینەی حوکمڕانیی بەوەکالەتی عێراق بووە.
هەر لە میانەی بەرنامەکەدا، دکتۆر فارس خەتاب نووسەر و شرۆڤەکاری سیاسی باسی لەوە کرد، شیعەکانی عێراق بە پاڵپشتی سەرەکی ئێران دژایەتی نموونە دیموکراسییەکەی کورد لە هەرێم دهكهن.
د. فارس خەتاب گوتی: "لە هەرێمی کوردستان دۆخێکی نموونەیی دیموکراسی هەیە. دوژمنی سەرەکی ئەو دیموکراسییەتەش کۆماری ئیسلامی ئێرانە کە چاوی بەو پێشکەوتنانەی هەرێم هەڵنایە و لە رێگەی گرووپە چەکدارەکانییەوە لەعێراق، دژایەتی ئەو قەوارە نموونەییە دەکات".
دوای پەسەندکردنی دەستووری عێراق لە ساڵی 2005 و گۆڕینی حکومڕانییەکەی لە ناوەندییەوە بۆ فیدڕاڵیی، پێکهاتەی کورد رەخنە و سەرنجی بەردەوامی لە جێبەجێ نەکردنی دەقاودەقی دەستوورە فیدڕاڵییەکە هەبووە، كه ئێستاشی لهگهڵیدابێت بههۆی جێبهجێنهكردنی ماددهكانی دهستوورهوه كێشهگهلێك لهنێوان ههولێر و بهغدا به ههڵواسراوی چارهسهرنهكراوی ماونهتهوه.