کارزان هادی: سەرۆکی حکومەتی هەرێم بەردەوام پشتیوانی پڕۆژەکانی ئاوی کردووە

k24 – هەولێر:
سەرۆکی شارەوانی هەولێر رایدەگەیەنێت، ژمارەیەک پڕۆژەی جیاواز بۆ رێگریکردن لە دروستبوونی لافاو لە هەولێر جێبەجێکراون، هاوکات گوتیشی: بەشێک لە هاووڵاتییان رێڕەوەکانی ئاو پاک راناگرن.
کارزان هادی، سەرۆکی شارەوانی هەولێر، لەمیانەی بەشداریکردنی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24 رایگەیاند، پار ساڵ توانراوە گوژمەی 24 ملیار دینار لە سنووری سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر تەرخان بکرێت بۆ جێبەجێکردنی ژمارەیەک پڕۆژە، بەخۆشحاڵییەوە 22 پڕۆژەی ستراتیژی چووەتە قۆناغی جێبەجێکردنەوە کە خۆی دەبینێتەوە لە؛ کۆمەڵێک ئاوبەری سەندووقی و لوولەیی.
سەرۆکی شارەوانی هەولێر، راشیگەیاند، هەر کاتێک گومانی بارینی رێژەیەکی زۆر باران بکرێت زیاتر کارەکان چڕتر دەکرێنەوە بۆ ئەوەی کەمترین گرفت و کەمترین کێشەی ئاو کۆبوونەوە رووبدات.
کارزان هادی، ئاماژەی بەوەدا، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام پشتیوانی پڕۆژەکانی ئاوی کردووەباسی لەوەشکرد، لە ئێستادا 25 پۆند چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، 13 پۆندی دیکەش رەزامەندی لەسەر جێبەجێکردنی دراوە، هەروەها ئەم پۆندانە جگە لەوەی رێگرە لە دروستبوونی لافاو، دەبێتە هۆی گلدانەوەی ئاویش کە دەتواندرێت بۆ بواری کشتوکاڵ سوودی لێ وەربگیرێت.
سەرۆکی شارەوانی هەولێر، دەڵێت: بەداخەوە بەشێکی زۆر لە هاووڵاتییان هاوکاری تیمەکانی شارەوانی نینە، بەدەر لەوەش هەندێک جار رێگریشن لەکارکردنی تیمەکانی شارەوانی، هەروەها بە نموونە دوێنێ تیمەکانی شارەوانی شوێنێکیان پاککردبووەوە دوای کەمتر لە نیو کاتژمێر پیکابێک خۆڵ و خاشاکی لەو شوێنە فڕێدابووەوە، کە بە دڵنیاییەوە ئەوانەش دەبنە هۆکاری گیرانی مەنهۆڵەکان و کۆبوونەوەی ئاو.
کارزان هادی، سەرنجی بۆ ئەوەش راکێشا، کۆمەڵێک شوێن هەبوون لە شاری هەولێر کە خاڵی لاواز بوون و ئاوی تێدا کۆدەبووە، بەڵام ئەمساڵ گرفتی ئەم شەقام و گەڕەکانە چارەسەرکراون، لە داهاتووشدا پلانمان هەیە کە سەرجەم گیروگرفتەکان چارەسەر بکەین.
سەرۆکی شارەوانی هەولێر، گوتی: تیمەکانی شارەوانی 24 کاتژمێر بەبەردەوامی و بەبێ خەوتن لەسەر شەقامەکان دەبن بۆ ئەوەی رێگربن لە دروستبوونی هەر رووداوێکی نەخوازراو.