بەریتانیا رێگە بە ئۆکرانییەکان دەدات 18 مانگی دیکە لەو وڵاتە بمێننەوە

کۆچبەرانی ئۆکرانیا
کۆچبەرانی ئۆکرانیا

K24 - هەولێر

ئەمڕۆ یەکشەممە، وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا رایگەیاند، بەریتانیا ماوەی مانەوەی 18 مانگی دیکەی بۆ ئەو ئۆکرانیانە درێژکردەوە کە لەو وڵاتەدا دەژین.

تۆم بۆرسلاڤ، وەزیری کۆچبەرانی بەریتانیا لە بەیاننامەیەکدا گوتی: "پلانی نوێی درێژکردنەوەی ڤیزای دڵنیایی دەداتە ئۆکراینییەکان لە بەریتانیا، ئەمەش بەهۆی بەردەوامبوونی شەڕە لەوڵاتەکەیان، بۆیە ئێمەش بەردەوام دەبین لە دابینکردنی پەناگەیەکی سەلامەت بۆ ئەو کەسانەی لەدەست ململانێکان هەڵدێن".

بەریتانیا دوو بەرنامەی بۆ پەنابەرانی ئۆکرانی هەیە، یەکێکیان بۆ ئەوانەی خێزانیان هەیە کە پێشتر لە بەریتانیا بوون، یەکێکی دیکەش کە رێگە بە بەریتانییەکان دەدات شوێنی نیشتەجێبوون بۆ ئەو کەسانە دابین بکەن کە لە شەڕ هەڵدێن، لە کاتێکدا هێرشەکانی رووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا دوو ساڵی تێپەڕاندووە.

وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا ئاماژەی بەوەشکردووە، درێژکردنەوەکە کاریگەری لەسەر زیاتر لە 283 هەزار ئۆکرانی لە بەریتانیا دەبێت.

لە چوارچێوەی پاڵپشتیکردنی ئۆکرانیا، بەریتانیا رایگەیاندووە، هەزاران فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ کیێڤ دابین دەکات، هەروەها داوای لە یاسادانەرانی ئەمەریکا کرد دەنگ بە پاکێجێکی هاوکاری ئەمنی بە بڕی 95 ملیار دۆلار بۆ ئۆکرانیا و هاوپەیمانەکانی دیکە بدەن.

حکومەتی بەریتانیا دەشڵێت: لە سەرەتای ساڵی 2025ەوە، بە سەدان هەزار پەنابەری ئۆکرانی کە لە دوای هێرشەکەی رووسیا بۆ سەر وڵاتەکەیان هەڵاتوون، دەتوانن داواکاری بۆ نیشتەجێبوون لە بەریتانیا پێشکەش بکەن و سوودمەند دەبن لە مافەکانی کار و چاودێریی تەندروستی و خوێندن.