دۆناڵد ترەمپ: هەر بۆمبێک کە یەمەنی پێ بۆردومان دەکرێت تێچووی یەک ملیۆن دۆلارە
K24 - هەولێر
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا رایگەیاند، هەر بۆمبێک لە یەمەن بکەوێتە خوارەوە، تێچووی لەسەر ئەمەریکا یەک ملیۆن دۆلارە.
دۆناڵد ترەمپ لە میشیگان قسەی بۆ لایەنگرانی دەکرد و گوتی: "ئێمە بۆردومانی یەمەن دەکەین، هەر بۆمبێکیش ملیۆنێک دۆلاری تێدەچێت، بەڵام گرنگترین شت ئەوەیە کە ئێمە خەڵکێکی زۆر دەکوژین".
ترەمپ پێشتر رەخنەی توندی ئاراستەی ئیدارەی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن کردبوو، دوای ئەوەی هێزەکانی ئەمەریکا هێرشیان کردە سەر شوێنی حوسییەکان لە یەمەن.
ترامپ لە هەژماری خۆیدا لە پلاتفۆرمی تۆڕی کۆمەڵایەتی "تروس سۆشیاڵ" نووسیویەتی: "با روونی بکەمەوە، ئێمە دیسانەوە لە هەموو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆمب دەخەینە خوارەوە، هەروەکو داعش تێیدا شکستی هێنا!، وەزیری بەرگریمان پێنج رۆژ لەمەوبەر دیارنەما، ئەو لەسەر مۆبایلەکەی لە ژووری نەخۆشخانەدا شەڕەکان بەڕێوەدەبات".
ترەمپ ئاماژەی بەوەشکرد، ئێستاش لە ئۆکرانیا، ئیسرائیل و یەمەن شەڕمان هەیە، بەڵام هیچ جەنگێک لەسەر سنووری باشووری ئێمە نییە، دەشڵێت: ئیدارەی ئەمەریکا داواکاریی کۆمارییەکانی بۆ گرتنەبەری رێوشوێنی پاراستنی سنوور لەگەڵ مەکسیک رەتکردووەتەوە.
ئەمەریکا و بەریتانیا لە بەرەبەیانی رۆژی هەینی 12ی کانوونی دووەم زنجیرەیەک هێرشیان لە پارێزگاکانی سەنعا، حودەیدە، سەعدە و ناوچەکانی دیکەی یەمەن ئەنجامدا، ئەمەش لە کاردانەوەی هێرشەکانی حوسییەکان بوو بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سوور و کەنداوی عەدەن.