هەولێر یاریگەیەكی دیكە بۆ یاریكردن دەستنیشان دەكات
پارێزگاری هەولێر بڕیاریدا چیمەنی یاریگەی فرەنسۆ هەریری نۆژەن بكرێتەوە، سەرۆكی یانەیەكی هەولێریش دەڵێت یاریگەیەكی دیكە بۆ یارییەكانی داهاتوومان لە خولی ئەستێرەكانی عێراق هەڵدەبژێرین.
ئەمڕۆ یەكشەممە، 18 شوباتی 2024، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر هاوشانی شاندێك سەردانێكی مەیدانیان بۆ نێو یاریگەی فرەنسۆ هەریری كرد و رایگەیاند لە سبەینەوە دەست بە گۆڕین و نۆژەن كردنەوەی چیمەنی یاریگەی فرەنسۆ هەریری دەكرێت.
ئومێد خۆشناو گوتیشی: هەوادار و وەرزشدۆستان و خەمخۆرانی شاری هەولێر بەردەوام داوایان لە ئێمە دەكرد ئاوڕێكی جدی لە یاریگەی فرەنسۆ هەریری بدەینەوە و چاك بكرێت، بەتایبەتی لە وەرزی زستانەدا یاریگەكە كەلكی یاریكردنی نەدەما، بۆیە ئێمەش رێزمان لە داواكارییەكانی هەوادارانی وەرزشی هەولێر گرت و لە سبەینەوە تیمێكی ئەندازیاری دەست بە گۆڕین و نۆژەنكردنەوە و چاككردنەوەی یاریگەكە دەكرێت.
ئۆمێد خۆشناو جەختی لەوەش كردەوە بە زووترین كات چیمەنی یاریگەی فرەنسۆ هەریری دەگۆڕین، بە "پێكەنینیشەوە" گوتی: زۆرجار كاتێك هەولێر دەدۆڕا دەیانگوت عەردەكە خوارە، ئێمەش ئەو بیانووەیان ناهێڵین و عەردەكەیان بۆ راست دەكەینەوە.
لە لایەكی دیكەوە وەلید عارەب سەرۆكی یانەی هەولێر لە لێدوانێكدا رایگەیاند دەبێت یاریگەیەك وەكو بەدیلی فرەنسۆ هەریری بۆ یاریكردن دەستنیشان بكەین، گوتیشی: دەبێت یاریگەیەك هەڵبژێرین كە یانەكەی لە خولی ئەستێرەكانی عێراق یاری بكات.
وەلید عارەب دەشڵێت: لە نێو شاری هەولێر ناتوانین هیچ یارییەك بكەین، چونكە هیچ یاریگەیەكی تێدا نییە كە مەرجەكانی رێگەپێدانی خولی ئەستێرەكانی عێراقی تێدا بێت، بۆیە بە ناچاری دەبێـت یاریگەیەكی دیكەی شارەكانی كوردستان هەڵبژێرین.
هەولێر دوو یاریی داهاتووی لە دەرەوەی یاریگەی خۆی دەكات، سبەی دووشەممە لە كاتژمێر 04:30 دەبێتە میوانی یانەی كەربەلا، پاشان ناگەڕێتەوە و رۆژی پێنجشەممەی داهاتوو بەرامبەر نەجەف یاریی دەكات.
هەولێر دوای ئەنجامدانی ئەو دوو یارییە، رۆژی 29ـی ئەم مانگە دەگەڕێتەوە هەرێمی كوردستان و دەبێت یاریگەیەك لە نێوان نەورۆز، دهۆك و زاخۆ بۆ میوانداریكردنی ئەمانەی بەغدا هەڵبژێرێت.