شارەزایەکی سەربازی چینی: پاریس و بەرلین رەزامەند نین کیێڤ بچێتە ناو هاوپەیمانی ناتۆ
K24 - هەولێر
شارەزایەکی بواری سەربازی چینی، بە رۆژنامەیەکی وڵاتەکەی راگەیاند، هەرچەندە ئۆکرانیا رێککەوتنی لەگەڵ فەرەنسا و ئەڵمانیادا هەیە، بەڵام ئەو دوو وڵاتە رازی نابن کیێڤ ببێتە ئەندامی ناتۆ.
سۆنگ چونگ بینگ، شارەزاکەی بواری سەربازی، بە رۆژنامەی "گلۆبال تایمز"ـی وڵاتەکەی راگەیاند، هەرچەندە ئۆکرانیا رێککەوتنی لەگەڵ فەرەنسا و ئەڵمانیا واژۆ کردووە، کە هەردووکیان دوو وڵاتی گرنگی ئەوروپان، پێشووتر وڵاتانی ئەوروپایان هاندەدا کە هاوکاری ئۆکرانیا بکەن، بەڵام ئەوە مانای ئەوە نییە بهێڵن ئۆکرانیا ببێتە ئەندامی ناتۆ.
ئاماژەی بەوەشکرد، "بەدرێژایی کات "فەرەنسا و ئەڵمانیا" خۆیان لە ململانێی سەربازی راستەوخۆ لەگەڵ رووسیا بەدوور دەگرن و رێگەش بە ئۆکرانیا نادەن بچێتە ناو ناتۆوە".
لای خۆیەوە شارەزایەکی دیکەی سیاسی بە ناوی کوی هێنگ رایگەیاند، ئەوروپا بەردەوام دەبێت لە هاوکاریکردنی ئۆکرانیا، بەڵام قەبارە و خێراییەکەی کەمدەبێتەوە.
لە قسەکانیدا سەبارەت بەو رێککەوتنە ئەمنییانەی کە کیێڤ لەگەڵ بەرلین و پاریس واژۆیان کردووە، ئەو پسپۆڕە ئاماژەی بەوەدا کە ئەو رێککەوتنانە ناپابەندن و بە مانای هیچ بەرپرسیارێتییەک نییە بەرامبەر فەرەنسا و ئەڵمانیا.
کوی هێنگ دەشڵێت: زێلێنسکی ئەو پشتگیرییەی لە زلهێزەکانی ئەوروپا وەرگرت، کە دەیویست بردنەوە بەدەست بهێنێت.