سوپای ئۆکرانیا: بەهۆی نەبوونی تەقەمەنی لە شاری ئەڤدیڤکا کشاینەوە

شاری ئەڤدیڤکا لە رۆژهەڵاتی ئۆکرانیا
شاری ئەڤدیڤکا لە رۆژهەڵاتی ئۆکرانیا

K24 – هەولێر:

دوای زیاتر لە نۆ مانگ لە شەڕ و پێکدادان، رووسیا توانی شاری ئەڤدیڤکا لە رۆژهەڵاتی ئۆکرانیا کۆنتڕۆڵ بکات، ئەمەش لەدوای کۆنتڕۆڵکردنی شاری باخموت لەلایەن رووسیاوە لە ئایاری 2023، بە گەورەترین دەستکەوتی جەنگی ئۆکرانیا بۆ ئەو وڵاتە هەژمار دەکرێت، سوپای ئۆکرانیاش رایگەیاند، بەهۆی کەمی تەقەمی ناچاربوونە لە شارەکە بکشێنەوە.

رۆژی یەکشەممە (18ـی شوباتی 2024) ئیگۆر کۆناشێنکۆڤ، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری رووسیا رایگەیاند، توانیویانە شاری ئەڤدیڤکا لە رۆژهەڵاتی ئۆکرانیا بە تەواوی کۆنتڕۆڵ بکەن و هەروەها لە هێرشەکانییان بۆ سەر ناوچەکانی دیکە رۆژهەڵاتی ئۆکرانیا بەردەوام دەبن.

کۆناشێنکۆڤ گوتیشی:" یەکەکانی ناوەندی گرووپی هێزەکان بە تەواوی ئەڤدیڤکایان کۆنتڕۆڵ کردووە، کە خاڵێکی بەرگری بەهێزی هێزە چەکدارەکانی ئۆکرانیا بوو. ئازادکردنی ئەڤدیڤکا رێگەخۆشکەر بوو بەرەکانی پێشەوەی جەنگ لە دۆنیەتسک دووربخاتەوە، تا لە هێرشە تیرۆرستییەکانی رژێمی تاوانباری کیێڤ پارێزراوبێت".

لەلایەن خۆیەوە، سوپای ئۆکرانیا رایگەیاند، بەهۆی کەمی تەقەمەنی کە چەندین مانگە بووەتە کێشە بۆ سوپای ئەو وڵاتە، ناچاربوونە لە شاری ئەڤدیڤکا پاشەکشە بکەن.

هاوکات سیناتۆرێکی ئەمەریکا لەبارەی پێدانی هاوکاری سەربازی بە ئۆکرانیا دەڵێت، وڵاتەکەی ناتوانێت هاوشێوەی پێشتر چەک و تەقەمەنی بە ئۆکرانیا بدات و ئاماژەی بەوەکردووە، هۆکاری سنوورداربوونی پشتیوانییەکانی وڵاتەکەی بۆ ئۆکرانیا ئاستی بەرهەمهێنانی تەقەمەنی و پشتیوانییە سەربازییەکان دۆخی گۆڕەپانی شەڕ ناگۆڕن.

جۆن دەیڤس ڤانس، سیناتۆری ئەمەریکی لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن جەختیکردەوە، جەنگی ئۆکرانیا بە دانوستان کۆتایی دێت، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە کات و شێوازەکەی چۆن دەبێت.

ڤانس گوتیشی:" ئەو فاکتەرانەی پشتیوانیی ئەمەریکا بۆ ئۆکرانیا سنووردار دەکەن پارە نییە بەڵکو تەقەمەنییە، ئەمەریکا تەقەمەنی پێویست بەرهەمناهێنێت تا پشتیوانی لەو شەڕانە بکات. ئەگەر پاکێجی 61 ملیار دۆلار هاوکاری بۆ ئۆکرانیا لە کۆنگرێس پەسندبکرێت، گۆڕانکارییەکی بنەمایی لە دۆخی گۆڕەپانی شەڕ ناکات، ئایا دەتوانین هاوشێوەی 18 مانگی رابردوو هەمان ئاستی چەک لە 18 مانگی داهاتوو بنێرین؟ نەخێر چونکە سنووردارکراوین. رووسیا، ئۆکرانیا، ئەوروپا و ئەمەریکا ئەو پاڵنەرەیان هەیە بێنە سەر مێزی گفتوگۆ، ئەمە بە ئاشتی کۆتایی دێت کە لەڕێگەی دانوستانەوە بووە، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە چ کاتێک بە دانوستان کۆتایی دێت و چۆن دەبێت".

جەنگی رووسیا و ئۆکرانیا لە ساڵی سێیەمی نزیک دەبێتەوە، لە کاتێکدا ئۆکرانیا بە بەردەوامی داوا لە هاوپەیمانانی دەکات لە هاوکارییە سەربازییەکانیان بۆ ئەو وڵاتە بەردەوامبن، بەڵام ئەمەریکا کە زۆرترین هاوکاری بە ئۆکرانیا داوە تا ئێستا لە کۆنگرێس پاکێجی پێدانی هاوکاری سەربازی بەو وڵاتە پەسەند نەکردووە کە بە 60 ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت.

هەروەها لە سەرەتای جەنگی ئۆکرانیاوە کە لە 24ـی شوباتی 2022ـەوە بە هێرشەکانی سوپای رووسیا لەسەر فەرمانی ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی رووسیا دەستیپێکرد تاوەکو ئیستا، زیاتر لە 10 هەزار کەس کورژاون و نزیکەی 20 هەزار کەسی دیکەش برینداربوون.

Fly Erbil Advertisment