هیمداد سەباح: پێکهاتەی تورکمان مافی بڕیاردانی سەربەخۆی هەیە
K24 – هەولێر:
سەرۆکی فراکسیۆنی بەرەی تورکمانی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان، ئاماژە بەوە دەکات، دواخستنی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی نیگەرانی کردوون، هاوکات دەڵێت: "بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی سیاسین".
هیمداد سەباح، سەرۆکی فراکسیۆنی بەرەی تورکمانی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان، لەمیانەی بەشداریکردنی لە گەشتی دواهەواڵی کاتژمێر 23ـی کوردستان24 رایگەیاند، بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی دەیکات جێگای نیگەرانییە کە چەندین جارە بڕیاردان تایبەت بە کورسی پێکهاتەکان دوادەخات.
سەرۆکی فراکسیۆنی بەرەی تورکمانی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان، راشیگەیاند، دواخستنی بڕیارەکە فشارێکی سیاسییە، مەبەستیان بە ئامانجگرتنی قەوارەی هەرێمی کوردستانە و مەبەستیان نییە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجامبدرێت.
هیمداد سەباح، دەڵێت: "ئێمە داوامان کردووە هەڵبژاردن یەک بازنەیی بێت، چونکە پێکهاتەی تورکمان لە هەموو شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان نییە و ژمارەی تورکمان دەگاتە نزیکە 300 هەزار لە هەرێمی کوردستان، ئەگەر فرە بازنەیی بێت لەو رێژەیە چۆن دەتواندرێت کێبڕکێکی بەدەستهێنانی کورسی بکەین!".
سەرۆکی فراکسیۆنی بەرەی تورکمانی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان، سەرنجی بۆ ئەوە راکێشا، ئەگەر پێکهاتەی تورکمان نەمێنێت، بە دڵنیاییەوە پێکهاتەی کریستنیاش نامێنێت، هەروەها پێکهاتەی تورکمان مافی بڕیاردانی سەربەخۆی هەیە.
ئەمڕۆ یەکشەممە (18ـی شوباتی2024)، دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بۆ یەکلاییکردنەوەی چەند سکاڵایەک لەنێویشیاندا سکاڵای تایبەت بە پێنج ماددەی یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە، هاوکات دادگاکە جارێکی دیکە بڕیاردانی لەبارەی سکاڵاکە بۆ رۆژی چوارشەممە، 21ـی شوبات دواخست.
ماددەکان تایبەتن بە ژمارەى کورسییەکانی پەرلەمان، یەک بازنەیی و فرە بازنەیی هەڵبژاردن و ژمارەی کورسی کۆتاکان لە پەرلەمانى کوردستان و، لەلایەن زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان و ئامانج نەجیب شەمعوون، ئەندامى کریستیانەکان لە ئەنجوومەنى پارێزگاى سلێمانى تۆمارکراون.
هەر ئەمڕۆ له ههژماری تایبهتی خۆی له تۆڕی كۆمهڵایهتی فهیسبووك، مونا قههوهچی، جێگری سەرۆکی پارتی چاکسازی تورکمان نووسیوویهتی: "بە بیر هەموو لایەکی دههێنینهوه، پێکهاتەی تورکمان جەخت لە راو و بۆچوونی پێشتری پەیوەست بە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمان دەکاتەوە، کە سیستەمی هەڵبژاردن یەک بازنەیی بێت و بەهیچ شێوەیەک دەستکاری کورسی کۆتا نەکرێت".
قههوهچی ههروهها دهڵێت، بەرژەوەندی و بەرنامەی سیاسی و چۆنیەتی دابەشبوونی هاووڵاتییانی نەتەوەی تورکمان وا دەخوازێت کە دادگای فیدراڵی داواکاریەکانمان لەبەرچاو بگرێت و ئەو سکاڵایانەی پەیوەستن بە کورسی کۆتاکان، رەتبکاتەوە.