شانەی راگەیاندنی ئەمنی: سەرجەم تۆمەتبارانی کوشتنی دوو هاووڵاتییەکەی بەغدا دەستگیر کران

شانەی راگەیاندنی ئەمنی
شانەی راگەیاندنی ئەمنی

K24 – هەولێر:

شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراق دەستگیرکردنی سەرجەم تۆمەتبارانی کوشتنی دوو هاووڵاتی لە ناوچەی راشدییەی باکووری بەغدای راگەیاند، بەبێ ئەوەی ئاماژە بە ژمارەی دەستگیرکراوەکان بکات.

رۆژی یەکشەممە (18ـی شوباتی 2024) شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراق رایگەیاند، لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا بە پاڵپشتی هەواڵگری و فرقەی پێنجەمی پۆلیسی فیدراڵی و دەزگای هەواڵگری نیشتمانی و بە چاودێری فەرماندەی ئۆپراسیۆنەکانی بەغدا، سەرجەم ئەوانەی بەشداربوونە لە کوشتنی دوو هاووڵاتییەکەی ناوچەی راشدییە.

لەبارەی هۆکاری رووداوەکەش، پێشتر وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئاشکرایکرد، کە تەقەکردنەکە لە ئەنجامی دروستبوونی دەمەقاڵی بەهۆی کێشەی زەویوزارەوە بووە و لە ناوچەی راشدییەی باکووری بەغدا.

هەروەها پۆلیسی رەسافەی بەغدا ئاماژەی رایگەیاندبوو، دوو کوژراوەکە ناویان بریتییە لە سەبری عەبدولکەریم شوەیخ و خزر عەباس حوسێن تواڵ و لەنێو ئۆتۆمبێلەکەی خۆیان تەقەیان لێکراوە و کوژراون.

رۆژی یەکشەممە (18ـی شوباتی 2024) سەرچاوەیەکی ئەمنی رایگەیاند، لە هێرشێکی چەکداری لە ناوچەی راشدییەی بەغدا، دوو کەسی نزیکی هادی عامری، سەرۆکی هاوپەیمانی نەبنی و ئەمینداری گشتی رێکخراوی بەدر کوژراون.

پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند، دوای رووداوەکە هێزە ئەمنییەکان لە ناوچەکە بڵاوەیان پێکراوە و لێکۆڵینەوە یاساییەکان لەوبارەیەوە دەستیپێکردووە و چاوەڕێش دەکرێت رێکخراوی بەدر لەبارەی کوژرانی ئەو دوو سەرکردەیەیانەوە لە بەغدا، راگەیەندراوێک بڵاوبکەنەوە.