بەرپرسێکی یەمەن بەکوژراوی لە میسر دۆزرایەوە

وێنەی کوژراوەکە، لیوا حەسەن فەرحان بن جەلال عوبەیدی
وێنەی کوژراوەکە، لیوا حەسەن فەرحان بن جەلال عوبەیدی

K24 - هەولێر

دەزگا ئەمنییەکانی میسر هەوڵەکانیان چڕتر کردووەتەوە بۆ ئاشکراکردنی بکوژی بەڕێوەبەری بەشی پیشەسازیی سەربازیی لە وەزارەتی بەرگری یەمەن و سەرۆکی بزووتنەوەی رزگاری نیشتمانی لە یەمەن، لیوا حەسەن فەرحان بن جەلال عوبەیدی، کە لە ماڵەکەی خۆی لە ناوچەی فەیسەڵ لە پارێزگای جیزە کوژراوە.

سەرچاوە ئەمنییەکان رایانگەیاند، عوبەیدی پێنج رۆژ لەمەوبەر لە تورکیاوە گەیشتووەتە قاهیرە، دەشڵێن: براکەی مردنی ئەو بەرپرسەی ئاشکرا کردووە، لەکاتێکدا ئێوارەی شەممە ویستوویەتی پەیوەندی پێوەبکات بەڵام وەڵامی نەداوەتەوە.

بەگوێرەی ئەو سەرچاوانە، بەرەبەیانی دوێنێ یەکشەممە برای عوبەیدی چووەتە ماڵەکەی، کەلە نهۆمی دوانزەی باڵەخانەیەکدا دەژیا، کاتێک لە دەرگاکەی داوە و هیچ وەڵامێکی نەبووە، ئەمەش وای لێکرد پەیوەندی بە پۆلیسەوە بکات و دوای کردنەوەی دەرگاکە، عوبەیدی بە مردوویی دۆزرایەوە.

دوای پشکنینی تەرمەکە دەرکەوت کە سەر و ملی برینداربووە، هەروەها لووتیشی تووشی خوێنبەربوون بووە و تەرمەکەش بە بەستراوی دۆزراوەتەوە.

لە ئێستادا دەزگا ئەمنییەکان سەرقاڵی پشکنینی کامێرای چاودێری ئەو خانووە و دەورروبەری شوێنەکەن کە عوبەیدی تێیدا دەژیا، هەروەها کار لەسەر شوێنپێهەڵگرتنی ئەو ئۆتۆمبێلە دەکەن کە بەکرێی گرتبوو.

هاوکات دەزگا ئەمنییەکانی میسر لێکۆڵینەوە لە دانیشتوانی باڵەخانەکە دەکەن، سەرچاوە ئەمنییەکانیش رەتیانکردەوە پێشبینی بۆ رووداوەکە بکەن.

باڵیۆزخانەی یەمەن لە قاهیرە کوژرانی عوبەیدی راگەیاند و بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە کە تیایدا رایگەیاند، "باڵیۆزخانەی یەمەن لە میسر بەدواداچوون بۆ پرسی کوشتنی حەسەن بن جەلال عوبەیدی، بەڕێوەبەری بەشی پیشەسازی سەربازی لە وەزارەتی بەرگری دەکات، کە لە شوقەکەی خۆیدا لە قاهیرەی پایتەختی میسر بە کوژراوی دۆزراوەتەوە".