توێژینەوەیەک باشترین جۆری زەیتی زەیتوون دەستنیشان دەکات

زەیتی زەیتوون
زەیتی زەیتوون

K24 - هەولێر

بەپێی راپۆرتێک، زەیتی زەیتوون چەندین سوودی تەندروستی هەیە، لەوانە کەمکردنەوەی مەترسی نەخۆشییەکانی مێشک و خراپی تەندروستی دڵ، تەنانەت پاراستن لە مردنی پێشوەختە.

ئەمڕۆ سێشەممە، 20ـی شوباتی 2024، بەپێی راپۆرتێکی CNN، بڵاوی کردووەتەوە کە سوودەکانی زەیتوون پەیوەستە بە چەند هۆکارەوە کە پەیوەندیان بە چۆنیەتی شیاوکردن بۆ خواردن و چۆنیەتی هەڵگرتنی بەرهەمەکەوە هەیە.

تاسۆس کیریاکیدیس، پڕۆفیسۆر لە تەندروستی گشتی لە ویلایەتی کۆنیتیکت دەڵێت: "زەیتی زەیتوون پێکهاتەو سوودی جۆراوجۆر لەخۆدەگرێت".  ئاماژەی بەوەشکرد، زەیتی زەیتوونی سەوز باشترینە بەمەرجێک زەیتوونەکە بەتەواوی پێنەگەیشتبێت، چونکە سوودە تەندروستییەکانی چڕترە بە بەراورد لەگەڵ زەیتونی پێگەیشتوودا.

بەپێی توێژینەوەیەکی CNN جەختی لەوەشکردووەتەوە، لەنێوان چنینەوەی زەیتوونەکان و بەرهەمهێنانی زەیتەکە، تا کاتەکە خێراتر بێت سوودەکانی زەیتەکە زیاترن. روونیشی کردەوە، "بەشێک لە کۆمپانیاکان کارگەی تایبەت بەخۆیان هەیە بۆ ئەوەی لەماوەی کەمتر لە دوو کاتژمێر لەدوای چنینەوەی بەرهەمەکە بیخەنە ناو کارگەکەوە و زەیتەکەی لێ بەرهەم بێنن، ئەم پێوانەیە مەترسی ئۆکساندن کەمدەکاتەوە بەهۆی کەم تێکەڵکردنی "ماددەی مانەوەی درێژخایەن" لەگەڵ بەرهەمەکە لەدوای چنینەوەی.

راشیگەیاند، ئەم شێوازە لە بەرهەمهێنانی زەیتی زەیتوون تەندروستترینیانە چونکە تەنها یەک جار سارد دەکرێتەوە بەبێ ئەوەی پشت بە پلەی گەرمی بەرز یان توێنەری کیمیایی ببەستێت. توێژینەوەکە دەریدەخات هەڵگرتنی زەیتی زەیتوون دوای پاککردنەوە لە ژینگەیەکی سارد و لە بوتڵێکی رەنگی تاریکدا زۆر گرنگە.

لای خۆیەوە، دکتۆر سێلینا وانگ، پرۆفیسۆر لە زانکۆی کالیفۆرنیا  دەڵێت: "ئەگەر لە فرۆشگاکاندا زەیتی زەیتوون لەسەر رەفەی سەرەوە هەڵگیرابێت نزیک رووناکییەکان، ئەوە نیشانەیەکی باش نییە بۆ بەرهەمەکە، چونکە پلەی گەرمی و رووناکی لە سوودەکانی زەیتەکە کەم دەکاتەوە.

لەگەڵ بەناوبانگبوونی بەکارهێنانی زەیتی زەیتوون بۆ سوودە تەندروستییەکان، هەندێک لە کۆمپانیاکان ئەم وردەکارییانەیان راستەوخۆ لەسەر ناونیشانی بەرهەمەکان داناوە. هەندێک لە ستیکەرەکان QR codeیان تێدایە کە دەتوانرێت لە کامێرای مۆبایلە زیرەکەکانەوە سکان بکرێت بۆ خوێندنەوەی ئەو زانیارییانە کە یارمەتیدەر دەبێت لە ناسینەوەی.

Fly Erbil Advertisment