سامان عارەب: زۆرترین مۆڵەت بە سێکتەرەکانی پیشەسازی و کشتوکاڵ و بازرگانی و گەشتیاری دراوە
K24 - هەولێر
بەرێوەبەری وەبەرهێنانی هەولێر رایگەیاند، لەسەر بڕیاری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی، بڕیاری راگرتنی پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون درا، ئەمەش بەهۆی دووبارە پێداچوونەوە بووە بە رێکاری پێدانی مۆڵەتی وەبەرهێنان بە پرۆژەکان پێویستییەکانی هەرێمی کوردستان.
ئەمڕۆ سێشەممە، 20ـی شوباتی 2024، سامان عارەب، بەرێوەبەری وەبەرهێنانی هەولێر بە کوردستان24ـی راگەیاند، لەسەر بڕیاری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی، بڕیاری راگرتنی پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون درا.
گوتیشی: هۆکاری راگرتنەکە بۆ دووبارە پێداچوونەوە بوو بە رێکاری پێدانی مۆڵەتی وەبەرهێنان بە پرۆژەکان و هەڵسەنگاندن بوو بە پێویستییەکانی هەرێمی کوردستان بە پڕۆژەکان لە رووی کواڵێتی و چەندایەتییەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، بەپێی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، فرەچەشنکردنی سەرچاوەکانی وەبەرهێنان و پێدانی مۆڵەتە بەسێکتەر جیاوازەکان، دەشڵێت: ئەگەر سەیری چوارساڵی رابردووی وەبەرهێنان لەهەرێمی کوردستان و بەتایبەت هەولێر بکەین، دەبینی زۆرترین مۆڵەت لە بواری پیشەسازی، کشتوکاڵ، بازرگانی و گەشتیاری دراوە.
گوتیشی: پرۆژەکانی نیشتەجێبوون لە هەرێمی کوردستان مۆڵەتی زۆریان وەرگرتووە، دەبێت ئێمە لەمەودوا لە رێگەی دیراسەیەکی ورد بتوانین مۆڵەت بە پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون بدەین.
رۆژی دووشەممە (19ـی شوباتی 2024) دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بەمەبەسـتی رێکخـستـنەوەی کەرتی نیشتەجێبوون لە هەرێمی کوردستان، بە ئاراستەی زیاتر سـوودمەندبوونی هاووڵاتییانی کەمدەرامەت و کرێنشین، بە فەرمانی سەرۆکایەتی ئەنجـوومەنی وەزیران، بڕیاردرا کارکردن لە پرۆژەی نوێی نیشتەجێبوون رابگیرێت و مۆڵەتی نوێی وەبەرهێنان لە کەرتی نیشتەجێبوون نەدرێت.
دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشکردووە، ئامانجی وەبەرهێنان لە ماوەی داهاتوودا زیاتر بە ئاراستەی کەرتەکانی پیشەسازی، کشتوکاڵ، گەشتوگوزار دەبێت.
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا، دەستەی وەبەرهێنان داوای لە وەبەرهێنەرانی هەرێمی کوردستان کردووە یارمەتیدەر و هاوکار بن، تاوەکو وەبەرهێنانی زیاتر لە سێکتەرەکانی ئاراستەکراو بکرێت، بە تایبەت لەو ناوچانەی کەم گەشەسەندوون لە هەرێمی کوردستان.
بە گوێرەی ئامارەکانی دەستەی وەبەرهێنان، تەنها لە ساڵی 2023، 154 پڕۆژە لە هەرێمی کوردستان مۆڵەتییان لە وەبەرهێنان وەرگرتووە کە سەرمایەکەیان چوار ملیار و 300 ملیۆن دۆلارە و، هەموو شار و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە.