گوتەبێژی حکومەت: هەموو ئاسانکارییەک بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمان کراوە

K24 - هەولێر

ئەمڕۆ شاندی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ئامادەبوونی نوێنەری یۆنامی لەگەڵ کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان کۆبوونەوە.

‏‎ئەمڕۆ سێشەممە، 20ـی شوباتی 2024، پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پلاتفۆڕمی فەیسبوک بڵاویکردەوە، شاندی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ئامادەبوونی نوێنەری یۆنامی لەگەڵ کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان کۆبوونەوە.

گوتیشی: مەبەستی کۆبوونەوەکە، تاوتوێکردنی هەنگاوەکانی ئامادەکاریی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بوو، هەروەها سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئامادەیی تەواویان بۆ ئاسانکاری و هاوکاریکردنی بەڕێوەچوونی پڕۆسەکە بە شێوەیەکی شەفاف و پیشەییانە دەربڕی.

‏‎هەورامانی ئاماژەی بەوەشکرد، لە کۆبوونەوەکەدا، کۆمسیۆن باسی رێکارە تەکنیکییەکان و دابەشکردنی کات بۆ هەنگاوەکانی ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە چوارچێوەی کاتی بەردەستی یاسایی تەمەنی کۆمسیۆن خستە ڕوو، لە هەمانکاتدا نوێنەری یۆنامیش ئامادەیی نیشان دا کە هاوکاری هەموو هەنگاوەکان بن لە سەرکەوتنی پڕۆسەی هەڵبژاردن.

‏‎سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی هەرێمی کوردستان وەک ئەوەی لە رابردوو هەنگاوی جدییان بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان هەبووە و ئەرکی یاسایی خۆیان بەجێ گەیاندووە، ئێستاش بە هەمان پەرۆشی و ڕژدییەوە هەموو کارێکی پێویست ئەنجام دەدەن بۆ ئەوەی هەڵبژاردنێکی سەرکەوتوو لە هەرێمی کوردستان ئەنجام بدرێت.

ێوارەی دوێنێ دووشەممە، 19-02-2024، جومانه‌ غه‌لای، گوته‌بێژی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق به‌ كوردستان24ـی راگه‌یاندبوو، بۆ دیاریكردنی وادەی بەڕێوەچوونی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان، ئەمڕۆ له‌گه‌ڵ سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان كۆده‌بنه‌وه‌.

غه‌لای لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەش کردبوو، ئه‌و واده‌ی بۆ به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان داده‌نرێت، كۆتایی نییه‌ و ره‌نگه‌ گۆڕانكاری تێدا بكرێت.

رۆژی 3ـی ئابی 2023، دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە مەرسوومێکدا رۆژی (25ـی شوباتی 2024)ـی وەک رۆژی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی  پەرلەمانی کوردستان دیاریکردووە و سەرجەم لایەنەکانی راسپاردووە بۆ ئەنجامدانی رێکارە پێویستەکان.

دواى ئەوەى تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان کۆتاییهات، رۆژی 9ـی تشرینى یەکەمى 2022، پەرلەمانى کوردستان یاسای ژمارە 12ى درێژکردنەوەى خولى پێنجەمی پەسندکرد. دواتر رۆژی 22ى ئایارى 2023 پەرلەمانی کوردستان بڕیارى کاراکردنەوەى کۆمیسیۆنى هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمى کوردستانی دا، بەڵام دادگەى باڵاى فیدراڵى عێراق ئەو کاراکردنەوەیەشی بە نایاسایی ناساند.

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بە نووسراوی فەرمی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانی ئاگادارکردووەتەوە لەوەی ناتوانن لە 25ـی شووبات هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام بدەن، لەهەمان کات داوای دیاریکردنی وادەیەکی نوێ بۆ ئەنجامدانی پرۆسەکە دەکەن.

ساڵی 1992 یەکەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو. ساڵی 2004 یاسای هەڵبژاردن هەموارکرایەوە و ماددەی نۆیەمی یاساکە کە باسی لەوە دەکرد "هەرێمی کوردستان لە چەند ناوچەیەکی هەڵبژاردن پێکبێت" لابرا و هەرێمی کوردستان هەمووی کرایە یەک بازنەی هەڵبژاردن.