پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی نێوان بەڕازیل و ئیسرائیل زیاتر گرژی تێدەکەوێت

سەرۆکی بەڕازیل، لویز ئیناسیۆ لولا دا سیلڤا
سەرۆکی بەڕازیل، لویز ئیناسیۆ لولا دا سیلڤا

K24 - هەولێر

ناکۆکییە دیپلۆماسییەکانی نێوان بەرازیل و ئیسرائیل زیاتر گرژی تێدەکەوێت، لەو بارەوە ماورۆ ڤیێرا وەزیری دەرەوەی بەڕازیل وەڵامی ئیسرائیلی داوە کە لێدوانەکانی سەرۆکی بەڕازیل لویز ئیناسیۆ لولا دا سیلڤا سەبارەت بە کەرتی غەززە بە قبووڵنەکراو وەسف کردبوو.

رۆژی یەکشەممەی رابردوو، دوای ئەوەی سەرۆکی بەرازیل شەڕی ئیسرائیلی بۆ سەر غەززە بەراورد کرد بە مامەڵەی هیتلەر لەگەڵ جولەکەکان، ئیسرائیل رۆژی دواتر رایگەیاند، پێشوازی لەسەرۆکی بەڕازیل ناکەن تا ئەوکاتەی لە لێدوانەکانی پاشگەز دەبێتەوە.

ماورۆ ڤیێرا، وەزیری دەرەوەی بەڕازیل لە میانی کۆبوونەوەی لوتکەی گروپی 20 لە ریۆ دی جانیرۆ بە ئاژانسی رۆیتەرز و ئاژانسێکی دیکەی هەواڵی راگەیاند، "وەزارەتی دەرەوە بەم شێوەیە قسە لەگەڵ سەرۆکی وڵاتێکی دۆست بکات، شتێکی نائاسایی و قێزەونە".

ئاماژەی بەوەشکرد، "لاپەڕەیەکی شەرمەزارکەرە لە مێژووی دیپلۆماسی ئیسرائیلدا"، دەشڵێت: ئیسرائیل هەوڵدەدات ئەو شتانە پەردەپۆش بکات کە لە غەززە روودەدات.

بەڕازیل راشیگەیاندووە، هیچ نیازێکیان نییە لولا لە لێدوانەکانی پاشگەز بکاتەوە.

یسرائیل کاتز، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، رۆژی دووشەممەی رابردوو رایگەیاند،  ئیسرائیل "لەبیری ناکات و لێی خۆش نابێت"، لێدوانەکانی لولاشی بە "هێرشێکی مەترسیداری دژە جوولەکە" وەسف کرد.

کاتز ئاماژەی بەوەشکردووە، لویز ئیناسیۆ لولا دا سیلڤا سەرۆکی بەڕازیل "لە ئیسرائیلدا کەسایەتییەکی نەخوازراوە تا ئەو کاتەی لە قسەکانی پەشیمان دەبێتەوە".