نوێنەری ئۆباما لە ھەولێرە
لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ھەرێمی كوردستان كۆدەبێتەوە
K24 - ھەولێر
نوێنەری باراک ئۆبامای سەرۆکی ئەمریکا بۆ ھاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژی داعش لە ھەولێرە، بەمەبەستی کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی ھەرێمی کوردستان تایبەت بە ئامادەکارییەکان بۆ ئۆپراسیۆنی کۆنتڕۆڵکردنەوەی شاری مووسڵ.
بڕێت مەکگۆرک، نوێنەری ئۆباما لە ھاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی لەشەڕی داعش، لەھەژماری تایبەتی خۆی لەسەر تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر ئاشکرای کردووە کە ئێستاکە لە ھەولێرە، بە مەبەستی گفتوگۆی چڕ لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ھەرێمی کوردستان، لەبارەی شەڕی مووسڵ و تاوتوێکردنی پلانی قۆناخی دوای ئازادکردنی ئەو شارە و دابینکردنی ھاوکاریی مرۆیی بە ئاوارەکانی مووسڵ.
ئەم سەردانەی مەکگۆرک بۆ پایتەختی ھەرێمی کوردستان لەکاتێکدا کە ناوبراو چەند رۆژێک لەمەوپێش لە بەغدا لەگەڵ بەرپرسانی باڵای سەربازی ئەمریکی و عێراقی کۆبوونەوە تایبەت بە شەڕی رزگارکردنەوەی مووسڵ.