گوتەبێژی ھاوپەیمانان: داعش توانای شەڕكردنی نەماوە
مەشق و راھێنانیان بە ھێزی خۆجێی مووسڵ کردووە بەمەبەستی بەشداریکردن لە ئۆپەراسیۆنی رزگاركردنی مووسڵ
K24 - ھەولێر
گوتەبێژی ھێزی ھاوپەیمانانی نێودەوڵەتی ئاشکرایکرد چەکدارانی داعش لە دوای شکستە یەک لەدوا یەکەکانی ئەمدواییەیان لە عێراق و سووریا، توانای شەڕکردنیان نەماوە و بەردەوام لە ھەڵاتندان.
کریستۆفەر گریەڤەر، گوتەبێژی ھێزی ھاوپەیمانانی نێودەوڵەتی لەمیانی چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی سی ئێن ئێن، رایگەیاند ئەوان بەردەوام لە ھەوڵدانان بۆ دۆزینەوەی ژمارەی تەواوی چەکدارانی داعش لە عێراق و سووریا و راشیگەیاند، بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی دەست ئەوان کەوتوون، ژمارەی چەکدارانی داعش لە نێوان 20 بۆ 25 ھەزار چەکدار دەبێت و بەردەوامیش ئەو ژمارەیە لە کەمبوونەوەدایە.
سەبارەت بە بەشداریکردنی چەکدارانی حەشدی شەعبی لە ئۆپەراسیۆنی کۆنتڕۆڵکردنەوەی مووسڵ، گوتەبێژی ھێزی ھاوپەیمانان رایگەیاند کە ئەوان مەشق و راھێنانیان بە ھێزی خۆجێی مووسڵ کردووە بەمەبەستی بەشداریکردن لەو ئۆپەراسیۆنە و بەردەوامیش لەگەڵ حکوومەتی عێراقی گفتوگۆدان بەوەی دڵنیابن ئەو ھێزە لە ئامادەباشیدان بۆ ئەو ئۆپەراسیۆنە.